كوردستانهەواڵ

وەزارەتى کارەبا: پێوەرى زیرەک پڕۆژەیەکى سەرکەوتوە و هەرکەسێک سەرپێچى بکات سزا دەدرێت

وەزارەتى کارەبا رونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت؛ تائێستا (79%)ى پڕۆژەى پێوەرى زیرەک تەواو بووە، دەشڵێت: بەلارێدا بردنی ڕای گشتی بە ئەنقەست بێت، یان لە نەزانینەوە بێت، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە پاڵنەرانی ئەم بابەتە، هێشتا لە کار و ئەرکی پڕۆژەی پێوەری زیرەک تێنەگەیشتوون.

لە رونکردنەوەکەدا، وەزارەتى کارەبا رایگەیاندووە،  پرۆژەی پێوەری زیرەكی کارەبا یەكێک لە پرۆژە گرنگ و سەركەوتوەكانی کەرتی کارەبای هەرێمە و رۆڵێکی گرنگی بۆ چارەسەركردنی گرفتی كارەبا هەیە.

دەشڵێت: تائێستا لە (79%)ی پڕۆژەکە تەواو بووە و تەواوی تایبەتمەندییەکانیشی بەگەڕ نەخراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توانیویەتی بە رێژەیەكی بەرچاو سەرپێچی لەسەر تۆرەکانی كارەبا و زیانگەیاندن بە ئامێرەکانی کارەبا لەوانە سوتانی گۆڕەری گەڕەکەکان و ئۆڤەرلۆد بوونی فیدەرەکان کەم بکاتەوە و دادپەروەری لە دابەشکردنی كارەبا بەدی بێنێت.

باسى لەوەشکردووە، پێوەری زیرەک بەهۆی کاریگەرییە ئەرێنییەکانی، نارازی بوونی ئەو کەسانەی لێ کەوتووەتەوە، کە ساڵانێکە لەسەر حسابی بەرژەوەندیی گشتی، بە سەرپێچی یاسایی، کارەبا دەدزن و پارەی کرێی کارەبا نادەن و مافی خەڵکی دیکەیان پێشێل دەکرد.

لەبارەى کەمبونەوەى ماوەکانى پێدانى کارەبا، وەزارەتى کارەبا ئاماژەى بەوە کردووە،کەمی ماوەکانی پێدانی کارەبا هیچ پەیوەندییەکی بە پێوەری زیرەکەوە نییە، بەڵکو لە پلەی یەکەمدا پەیوەندی بە ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا و دواتر بەرزبوونەوەی خواست لەسەر کارەبا و بەرزبوونەوەی ژمارەی هاوبەشانی کارەباوە هەیە.

لە رونکردنەوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕو، بەلارێدا بردنی راییگشتی بە ئەنقەست بێت، یان لە نەزانینەوە بێت، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە پاڵنەرانی ئەم بابەتە، هێشتا لە کار و ئەرکی پڕۆژەی پێوەری زیرەک تێنەگەیشتوون و نازانن ئەرکی ئەم پێوەرە لە کەرتی کارەبادا لەپاڵ بەشەکانی بەرهەمهێنان، گواستنەوە و دابەشکردن چییە.

رونیشى کردۆتەوە، تەنیا لە پارێزگای سلێمانی، لە ساڵی (2018)  زیاتر لە (50) فیدەر ئۆڤەرلۆد بووە،  (100) سەرەمحاویلە لەسەر بووە. لەساڵی (2021) بەهۆی بوونی پێوەری زیرەکەوە، بۆ (10) سەرەمحاویلە و (10) فیدەری ئۆڤەرلۆد و سوتانی تەنیا محاویلەیەک کەم بووەتەوە.

لە رونکردنەوەکەدا ئەوەش هاتووە، وەزارەتی کارەبا لەگەڵ ئەوەی کە تەواوی هەوڵی خۆی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا دەدات، لە هەوڵی بەرزکردنەوە ئاستی هۆشیاری هاووڵاتیان دایە بۆ چۆنییەتی بەکارهێنانی کارەبا و ناساندنیان بە بەشە جیاوازەکانی کارەبا و ئەرکەکانی هەر یەک لەم بەشانە.

جەختیش دەکاتەوە، لە ئەگەری هەر جۆرە زیانگەیاندنێکیش بە تۆڕ و ئامێرەکانی کارەبا، سەرەتا زیان بە کارەبای ماڵەکەی خۆی دەگەیەنێت و رێکاری یاساییش بەرانبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close