جیهانهەواڵ

ئێران دەستی بەسەر دوو کەشتیدا گرت

سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، لە کەنداو دەستیان بەسەر دوو کەشتیدا گرتووە کە نەوتی قاچاخیان بار کردبوو و 34 کەس لە ستافی ئەو دوو کەشتییە کە هەموویان بیانین لە لایەن هێزەکانیانەوە دەستبەسەر کراون.

جەنەراڵ عەلی عوزمایی، فەرماندەی ناوچەی پێنجەمی هێزی دەریای سوپای پاسداران رایگەیاند، ئەو دوو کەشتییە ئەمڕۆ لە باشووری دوورگەی ئەبوومووسا لە کەنداو و بە تۆمەتی بارکردنی نەوتی قاچاخ دەستیان بەسەردا گیراوە.

ئەو بەرپرسەی سوپای پاسداران دەڵێت، کەشتی یەکەم دوو ملیۆن و 280 هەزار لیتر سووتەمەنی قاچاخی بار کردبوو و کەشتی دووەمیش دوو ملیۆن و 300 هەزار لیتر سووتەمەنی قاچاخی بار کردبوو کە کۆی گشتی بارەکانیان دەکاتە زیاتر لە 4 ملیۆن و 500 هەزار لیتر سووتەمەنی قاچاخ. هەروەها 13 کەس لە ستافی کەشتی یەکەم و 21 کەسیش لە ستافی کەشتیی دووەم کە هەموویان بیانین دەستبەسەر کراون.

جەنەراڵ عەلی عوزمایی ئاماژەی بەوە نەکردووە ئەو کەشتییانە خاوەندارێتییان بۆ کامە وڵات دەگەڕێتەوە، هەروەها ناو و ناسنامەی سەرنشینی نێو کەشتییەکانی ئاشکرا نەکردووە کە هاووڵاتیی کام وڵاتن.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close