
پارێزگارى هەولێر قەبارەى زیانەکانى هەردو لافاوەکەى هەولێرى راگەیاند کە بە (26) ملیار دینار خەمڵێنراوە، سێ هەزار و (543) خێزانیش کەلوپەلەکانی ناوماڵیان لەدەستداوە.
لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا، ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر رایگەیاند: قەبارەى زیانەکانى هەردو لافاوەکەى ئەمساڵى هەولێر، بە (26) ملیار دینار خەمڵێنراوە کە لە لافاوى یەکەمدا لە رۆژى (30/10/2021)، قەبارەى زیانەکان زیاتر بووە لە پێنج ملیار دینار، قەبارەى زیانەکانى لافاوەکەى دووەمیش لە (17/12/2021)، بە (20 بۆ 21) ملیار دینار خەمڵێنراوە.
هەروەک ئاشکرایکرد، ئەو هاوکارییانەى وەک قەرەبو بۆ زیانەکان کۆکراوەتەوە، نزیکەى (11) ملیار دینارە.
پارێزگارى هەولێر، نیگەرانى خۆى بەرامبەر حکومەتى عێراقى پیشاندا کە وەک پێویست بەدەمیانەوە نەهاتووە و وتى،” سەرەڕاى گەورەیى قەبارەى زیانەکان، بەڵام بۆ قەرەبوى لافاوەکەى دووەم تەنها بڕى دوو ملیار دینارى ناردووە و لێیان وەرنەگیراوە، بۆ قەرەبوى لافاوى یەکەمیش بڕى سێ ملیار دینارى ناردووە”.
قەبارەى زیانەکانى هەردو لافاوەکەى ئەمساڵى هەولێر
لافاوى یەکەم (30/10/2021)
826 خێزان، ناوماڵ و کەلوپەلەکانیان لەدەستداوە
314 ئۆتۆمبیل زیانیان بەرکەوتوە
4 ملیار و 460 ملیۆن دۆلار هاوکارى کۆکراوەتەوە
سێ ملیارى لەلایەن حکومەتى عێراقەوە دابینکراوە
قەبارەى زیانەکان بە 5 ملیار دینار خەمڵێنراوە
لافاوى دووەمى هەولێر (17/12/2021)
2 هەزار و 717 خێزان، ناوماڵ و کەلوپەلەکانیان لەدەستداوە
10 هاوڵاتی گیانیانلەدەستدا و دو کەس بێسەروشوێنن
375 خانو بەتەواوى تێکچونە
هەزار و 26 ئۆتۆمبیل زیانیان بەرکەوتوە
شەش ملیار و 500 ملیۆن دینار کۆکراوەتەوە
حکومەتى عێراق، دوملیار دینارى ناردووە لێیان وەرنەگیراوە
قەبارەى زیانەکان 20 بۆ 21 ملیار دینار زیانى لە هاوڵاتیانداوە