عێراقهەواڵ

وەزارەتی دارایی عێراق: بەهۆی نەبوونی پارەی نەختینەوە دابەشکردنی موچە دواکەوتووە

وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، بەهۆی بەردەستنەبوونی پارەی نەختینەوە دابەشکردنی موچەی مانگی ئەیلول دواکەوتووە و هەموو هەوڵێکیش بۆ دابینکردنی موچە دەدەن.

ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتى دارایى عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، جەخت لەسەر پابەندبونى خۆیان بە دابینکردنى موچەى فەرمانبەران و خانەنشینان و سودمەندانى چاودێرى کۆمەڵایەتى دەکەنەوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، دڵنیایى ئەوە دەدەنە هاوڵاتیان بەوپەڕى تواناوە لە هەوڵى گرەنتیکردنى شایستە داراییەکاندان و هەوڵدەدەن لە کاتى دیاریکراوى خۆیدا دابەشیبکەن و لەپێشینەیان دابینکردنى موچەى فەرمانبەرانى دەوڵەت و خانەنشینان و سودمەندانى چاودێرى کۆمەڵایەتییە.

ئاماژە بەوەشکراوە، بەهۆى دابەزینى نرخى نەوت و پەتاى کۆرۆناوە قەیرانى دارایى و کەمى سیولە رویکردووەتە حکومەت.

باسیش لەوەکراوە، لە ئێستادا کار لەسەر ئامادەکردنى نەخشە رێگەیەکى تایبەت دەکات بۆ خەرجکردنى شایستە داراییە بنەڕەتییەکانى سێ مانگى داهاتوى ئەمساڵ و بەمزوانە نەخشە رێگاکە دەخرێتە بەردەم پەرلەمان و هەر کات پەسەندکرا دەتوانین گرەنتى موچە و شایستە داراییەکان بە تەواوەتى بکەین.

تا ئێستا، حکومەتی عێراق کاتی دابەشکردنی موچەی مانگی ئەیلولی ڕانەگەیاندووە، پێشتر لە ڕۆژانی ١٨ بۆ ٢٥ی هەموو مانگێک خشتەی دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی عێراق رادەگەیەندرا، هاوکات تا ئێستا بەغدا ٣٢٠ ملیار دینارەکەی هەرێمیشی رەوانە نەکردووە، کە پێشتر هەردوولا لەسەری رێککەوتبوون.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close