كوردستانهەواڵ

یەکگرتوو ئیسلامی لە حکومەتى خۆجێیی دهۆک کشایەوە

سەرۆکى فراکسیۆنى یەکگرتوو لە ئەنجومەنى پارێزگاى دهۆک رایگەیاند، ئەو رێککەوتنەى لە نێوان پارتى و یەکگرتوودا هەبوو لەبارەى پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی پارێزگاى دهۆک هەڵوەشایەوە و یەکگرتوو بڕیاریدا لە حکومەتى خۆجێیی پارێزگاکە بکشێتەوە.

سەباح بابیری، سەرۆکى فراکسیۆنى یەکگرتوو لە ئەنجومەنى پارێزگاى دهۆک راگەیاند، “ئەو رێککەوتنەى لە نێوان پارتى و یەکگرتوودا هەبوو لەبارەى پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی پارێزگاى دهۆک هەڵوەشایەوە و یەکگرتوو بڕیاریدا لە حکومەتى خۆجێیی پارێزگاى دهۆک بکشێتەوە،” دەشڵێت، “یەکگرتوو بڕیاریداوە سەرجەم پۆستەکان لە پاریزگاى دهۆک رادەست بکاتەوە”.

ئاماژەى بەوەشکردووە، “کشانەوەى یەکگرتوو لە حکومەتى خۆجێیی دهۆک بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، یەکێک لەوانە بەهۆى واژۆکردنى ئەندامانى فراکسیۆنى یەکگرتووە لە پەرلەمانى کوردستان لەبارەى بانگهێشتکردنى مەسرور بارزانى بۆ پەرلەمانى کوردستان”.

ئەوەشى خستووەتەڕوو، “ئەو هەنگاوەى فراکسیۆنى یەکگرتوو لە پەرلەمانى کوردستان پارتى نیگەران کردووە و بەهۆیەوە یەکگرتوو دواجار بڕیاریداوە لە حکومەتى خۆجێیى دهۆک بکشێتەوە.”    

ئەوەش دوایی ئەوەدێت، یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان لە پارێزگاى دهۆک خاوەنى سێ کورسى ئەنجومەنى پارێزگایە و چەند پۆستێکى ئەو سنورەى لە چوارچێوەى رێککەوتنى پارتى و لایەنەکان وەرگرتووە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close