كوردستانهەواڵ

ئەوقافی سلێمانی چه‌ند بڕیارێكی نوێ له‌باره‌ی مزگه‌وته‌كان ده‌رده‌كات

بەڕێوبەرایەتی ئەوقافی سلێمانی بۆ بەرگرتن لە زیاتر بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەنێو مزگەوتەکان، چەند بڕیارێکی دەرکرد کە گرنگترینیان ئەوەیە مزگەوتەکانی ناو بازاڕ تەنیا بۆ دەست نوێژ ھەڵگرتن بەکاردێن و نوێژیان تێدا ناکرێت، ھەر مزگەوتێکیش کە ھەواگۆڕکێی تێدا نەبێت نوێژی ھەینی تێدا ناکرێت.

ئەوقافی سلێمانی دەیەوێت مزگەوتەکان نەبنە ھۆکارێک بۆ زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە رابردوشدا بە چەند جارێک رێنمایی جیاوازی بۆ مزگەوتەکان دەرکردووە، لە تازەترین بڕیاریشدا ئەوقافی سلێمانی بڕیاریدا مزگەوتەکانی ناوبازاڕ تەنیا بۆ دەست نوێژ ھەڵگرتن بەکاربێن و نابێت نوێژیان تێدا بکرێت. کاتی کردنەوەی مزگەوتەکانیش لە كاتژمێر 9ی بەیانی دەبێت تا پاش نوێژی عەسر، پارێزگاری سلێمانی دەڵێت ھیچ ھەنگاوێکی کارگێڕی و خزمەتگوزاری بێ رێکاری خۆپارێزی نادرێت و بە ھەماھەنگی تەندروستی سلێمانی بڕیارەکان دەردەچێت.

زۆربەی مامۆستایانی ئاینیش پابەندی رێنمایی و رێکارەکانن، مامۆستایەکی ئاینی دەڵێت، ئەوان رێنماییەکانی تەندروستی و ئەوقاف بە ھەند وەردەگرن و گرنگی تەواوی پێدەدەن، لە رابردوشدا پردێک بوون بۆ گەیاندنی رێنماییەکان بەو کەسانەی سەردانی مزگەوتەکان دەکەن.

لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکەی ئەوقافی سلێمانی ھاتووە، بێ ئاگاداری ئەوان و لایەنە پەیوەندیدارەکان ھیچ کەناڵێکی راگەیاندن رێگەی پێنادرێت کە رووماڵی گواستنەوەی نوێژی ھەینی ئەو مزگەوتانە بکات کە نوێژی ھەینی تێدا ئەنجام دەدرێت.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close