جیهانهەواڵ

ژمارەی قوربانییانی تەقینەوەكەی بەیرووت بۆ 137 كوژراو و5000 بریندار بەرزبووەوە

ژمارەی قوربانیانی تەقینەوەکەی لوبنان بەرەو بەرزبوونەوەی زیاتر دەچێت، تائێستاش کوژرانی نزیکەی 150 کەس لە ئەنجامی تەقینەوەکە بەفەرمی راگەیەنراوە.

دەسەڵاتدارانی لوبنان ئاشکرایان کرد، ژمارەیەکی زۆر خەڵک بێسەروشوێنن، بۆیە پێدەچێت ژمارەی قوربانییانی تەقینەوە بەهێزەکەی ئێوارەی سێشەممە (4-8-2020)ـی بەیرووت، بەرەو بەرزبوونەوەی زیاتر بچێت.

حەسەن حەمەد، وەزیری تەندروستیی لوبنان لەدوایین لێدوانیدا دەڵێ، زیاتر لە 300 هەزار کەس بێ ماڵوحاڵ ماونەتەوە، 137 کەس کوژراون و زیاتر لە پێنج هەزار کەسیش برینداربوون.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا سەردانی لوبنان دەکات و دەبێتە یەکەم سەرۆک لەدوای تەقینەوەکە بچێتە لوبنان. بەپێی بەرنامەی کاریشی، ئەمڕۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی لوبنان کۆدەبێتەوە، سەردانی شوێنی تەقینەوەکە دەکات و کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامدەدات، پاشان دەگەڕێتەوە فەرەنسا.

ئەم سەردانە لەکاتێکدایە، دوێنێ ئەنجوومەنی وەزیران لە دانیشتنێکی لەناکاودا بڕیاری دا بەیرووت بۆ ماوەی دوو هەفتە لە باری نائاساییدا بێت، لەو ماوەیەشدا هێزی سەربازی دەسەڵاتی تەواوی پێدەدرێت بۆ ئەوەی پارێزگاری لە ئەمن و ئاسایش بکات، بۆ ئەو مەبەستەش سەرجەم هێزە چەکدارەکانی دەخرێتە ژێر دەسەڵاتی.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close