فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی بەغداد رایگەیاند، بۆمبێکی چێندراو لە ناوچەی سەلامیاتی شاری بەغداد تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیانلەدەستداوە و کەسێکی دیکەش برینداربووە.
وەلید تەمیمی، فەرماندەی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی بەغداد بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، رووداوەکە لە ناوچەی سەلامیات بووە و بۆمبێكی چێندراو لە نێو بۆکسێکی دیاریدا لە رێگەی “توک توک”ێکەوە گەیەندراوەتە ناوچەی سەلامیات لە نزیک بازگەیەکی سەربازی بۆ ئەوەی لە رێگەیەوە هاوڵاتییەکی بە ئامانج بگیرێت.
وەلید تەمیمی ئاماژەی بەوەشکرد، بۆمبەکە لە نزیک بازگە سەربازییەکە تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە شۆفێری “توک توک”ـەکە و سەربازێکی بازگەکە گیانیانلەدەستداوە و ئەو هاوڵاتییەی بە ئامانج گیرابوو برینداربوو.
ئەوەشی خستەڕوو، رووداوەکە لەسەر کێشەیەکی تایبەتییە نەک دۆسیەی تیرۆر، تیمێکی کار لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بۆ ئاشکراکردنی تاوانەکە و دەستگیرکردنی ئەنجامدەرەکان پێکهێنراوە.