تەندروستیعێراقهەواڵ

عێراق.. ڕێوشوێنى تایبەت بۆ بەخاکسپاردنى گیانلەدەستداوانى کۆرۆنا دەگیرێتەبەر

لە عێراق ڕێوشوێنى تایبەت بۆ حاڵەتەکانى گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا گیراوەتەبەر و بەخاکسپاردنیان بە حەشدى شەعبى سپێردراوە، حکومەتى عێراقیش پارچە زەوییەکى بۆ گۆرستانى ئەو گیانلەدەستداوانە تەرخانکرد

تاهیر خاقانى فەرماندەى لیواى دووى حەشدى شەعبى لە کۆنفرانسێکى هەواڵیدا رایگەیاند، “حکومەتى عێراق پارچە زەوییەکى بۆ گۆڕستانى ئەو کەسانەى بە کۆرۆنا گیانلەدەستدەدەن لە نەجەف تەرخانکردووە.”

گۆڕستانەکە لە بیابانى ناوچەى وادى سەلامى سەر بە پارێزگاى نەجەفە و تیمێکیش لە ئەندامانى حەشدى شەعبى بۆ شۆردن و کفنکردن و بەخاکسپاردنى گیانلەدەستداوەکان بە پێى ڕێورەسمە ئاینییەکان تەرخانکراون.

سەبارەت بە چۆنێتى مامەڵەکردن لەگەڵ تەرمى ئەو کەسانەى بە ڤایرۆسەکە گیانلەدەستدەدەن، عەلى سیستانى مەرجەعى باڵاى شیعەکان رایگەیاند، “لەپێناو پاراستنى گیانى زیندووەکان، دروستە لەم بارودۆخەدا ئەو تەرمانەى بە کۆرۆنا گیانیانلەدەستداوە بە بێ شۆردن بەخاکپسپێردرێن، سیستانى ئاماژەى بەوەشکردووە، بە پێى ئاینى ئیسلام حەرامە ئەو تەرمانە بسوتێنرێن.”

فەرماندەکەى حەشدى شەعبى ئەوەشیراگەیاندووە، “تائیستا ١٣ گیانلەدەستداوى کۆرۆنایان لەو گۆڕستانە تایبەتە بەخاکسپاردووە.”

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە سەرەتاى سەرهەڵدانى ڤایرۆسى کۆرۆناوە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرتە ڤیدیۆیى جۆراوجۆر لەبارەى شێوازى مامەڵەکردن لەگەڵ تەرمى ئەو کەسانەى بە کۆرۆنا گیانیانلەدەستداوە بڵاوکرانەوە کە دەبوونە هۆى ترس و نیگەرانى زیاتر لەلاى خەڵکى.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close