
پسپۆڕێكی ئابوری عێراق:
رێككەوتنی ئەم دواییەی بەغدادو هەولێر حەبی ڤالیۆم و دەرزی سڕكەڕی نوێیە بە فەرمانبەرانی هەرێم دەدرێت
باسک نێت
پسپۆڕێكی ئابوری عێراق دەڵێت: رێككەوتنی ئەم دواییەی نێوان بەغدادو هەولێر، حەبی ڤالیۆم و دەرزی سڕكەڕی نوێیە بە فەرمانبەرانی هەرێم دەدرێت، چونكە بە بێ دانوستان لەگەڵ كۆمپانیا بیانیەكان، ناكرێت هەرێم و بەغداد بگەنە رێككەوتن.
نەبیل مەرسومی، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی “العهد” وتی: هەرێمی كوردستان بە فیعلی خاوەنی نەوت نییە، ئەوەی خاوەنی نەوتە كۆمپانیا بیانیەكانن، كە گرێبەستی هاوبەشی و بەشكردنی بەرهەمهێنانیان هەیە.
وتيشى: ئەو كۆمپانیا بیانیانە پارەیان خەرجكردووەو وەبەرهێنانیان لەڕێی (57) گرێبەستەوە كردووە بۆ شوێنە پشكنراوەكان و كێڵگەكانی نەوت، ئەوان بەرهەمهێنان و تێچوو و هەناردەكردن دیاریدەكەن.
مەرسومی راشیگەیاند: كاتێك بەرهەمهێنان دەگاتە ئەو قۆناغەی كە پێی دەوترێت بەرهەمهێنانی بازرگانی، ئەو كۆمپانیا بیانیانە (40%) بەهای داهاتەكان دەبەن لەوەی پێیدەوترێت تێچوی نەوت، لەگەڵ (20بۆ 30) لەسەدی لە قازانجی نەوت.



