
بڕیارە هەشتەمین کۆنگرەی نەوت و غازی عێراق لە شاری کەرکوک ببەسترێت.
باسک نێت
كۆنگرەیەكی گەورەی تایبەت بە نەوت و غاز لە شاری كەركوكی دەوڵەمەند بە نەوت دەبەسترێت.
بڕیارە لە ڕۆژانی ۲٦ و ۲۷ی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، هەشتەمین کۆنگرەی نەوت و غازی عێراق لە شاری کەرکوک ببەسترێت.
کۆنگرەکە تایبەتە بە پیشەسازی نەوت و غاز لە عێراقدا. ناوەندی توێژینەوەو پەرەپێدانی نەوتی سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراق سەرپەرشتی کۆنگرەکە دەکات. هەشتەمین کۆنگرەی نەوت و غاز دەبێت لە عێراق.
بەپێی زانیارییەكان، دوو لیژنە بە چاودێری وەزیری نەوتی عێراق ئامادەکاری بۆ کۆنگرەکە دەکەن و دەیان توێژینەوەی زانستی لە کۆنگرەکە پێشکەش دەکرێن. بەشێک لە ئامانجی کۆنگرەکە کەمکردنەوەی سوتانی غاز و کەڵک لێوەرگرتنی غازە بە تەکنۆلوژیای نوێ.
شاری کەرکوک دووەم پارێزگای عێراقە بۆ یەدەگی نەوت و بۆ یەکەم جار لە ساڵی ۱۹۲۷ دەست بەدەرهێنانی نەوت لە کێڵگەی باباگوڕگوڕ کرا. تەمەنی پیشەسازی نەوت لە پارێزگاکە نزیک دەبێتەوە لەسەدەیەک.
لە ئێستادا کۆمپانیای نەوتی باکور و کۆمپانیای بریتش پترۆلیۆم کار لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک دەکەن. پارێزگاکە خاوەنی چەند کێڵگەیەکی نەوتە گرنگترینیان کێڵگەکانی باباگوڕگوڕ و هاڤانە و بای حەسەن و زەمبور و خەبازە.




