
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دوو بژاردە دەخاتە روو و دەشڵێت: “عێراق وڵاتێكی گرنگە لە رێكخراوی ئۆپێك پڵەس و پابەندە بە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت”.
باسک نێت
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ پێگەی “بلۆمبێرگ”ـی ئەمریكی رایگەیاند: “عێراق وڵاتێكی گرنگە لە رێكخراوی ئۆپێك پڵەس و پابەندە بە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت”.
وتیشی: “پابەندین بە بڕیارەكانی ئۆپێك، بەوشێوەیەی پارێزگاری لە نرخی نەوت و هاوسەنگی لەنێوان بەرژەوەندیی بەرهەمهێنەر و بەكاربەردا دەكات”.
سودانی لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم ئاماژەی بەوە کرد: “ئێمە لەبەردەم دوو بژاردەداین، لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم لە بەندەری جەیهانی توركیەوە، هەمواركردنەوەی گرێبەستەكان، كە كۆمپانیا نەوتیەكانی هەرێم رەتیانكردووەتەوە، یان هەمواركردنەوەی یاسای بودجە، ئەوەش پرسێكە پێویستی بە سازانی سیاسیە”.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەو وڵاتە قسەی کرد و وتی: “پاساوەكانی مانەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق كۆتایهاتووە، عێراق (2024) عێراقی (2014)نییە. بەمزووانە كۆتاییهاتنی ئەركی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق رادەگەیەنرێت”.
دووپاتیشیکردەوە: “كۆتاییهاتنی ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، مانای كۆتاییهاتنی پەیوەندیی نێوان عێراق و ویلایەتە یەكگرتووەكان نییە، بەڵكو بەپێچەوانەوە، گفتوگۆ دەكەین بۆ بونیادنانی پەیوەندییەكی ئەمنیی بەردەوام و پەیوەندیی ئابوری و رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی و زانستی”.




