
باسک نێت
پسپۆڕێكی کاروباری دارایی لە عێراق، هۆکاری دابەزینی نرخی دۆلار لە بازاڕی رەش لە بەغداد ئاشکرایکرد.
لەمبارەیەوە ناسر کینانی پسپۆڕی کاروباری دارایی لە عێراق لە لێدوانێکیدا رایگەیاند: چەند رۆژێکە نرخی دۆلار دادەبەزێت و دیارترین هۆکاری ئەم دابەزینەش، کەمکردنەوە و سنووردارکردنی گواستنەوەی بە قاچاغبردنی دۆلارە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕێکەوتنی ئەم دواییەی عێراق بۆ دابینکردنی دارایی بازرگانی دەرەکی بە دراوی تر، بەتایبەتی لەگەڵ لایەنی تورکی.
هاوكات ناوبراو ئەو پێشبینیشی کرد: نرخی ئاڵوگۆڕی دراو بەرە بەرە لە دابەزین بەردەوام بێت، بەتایبەتی لەگەڵ کەمبوونەوەی زیاتری گواستنەوەی، قاچاغ ، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد، کاتێکی زیاتری دەوێت تا نرخی ئاڵوگۆڕ لە بازاڕی رەشیدا بگاتە نرخە فەرمییەکەی.
ئەوەشی وتوە : دابەزینەکە وردە وردە و زۆر خاو دەبێت لە ماوەی داهاتوودا، بازاڕی رەشیش لە بەغدا و پارێزگاکان لە چەند رۆژی داهاتوودا شایەتی دابەزینی بەرچاوی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینارە.
جێی باسە لە 14ی ئەم مانگەدا، بانکی ناوەندی عێراق ڕایگەیاند، لەگەڵ یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا و گەنجینەی ئەمریکا ڕێککەوتوون سەبارەت بە دابینکردنی پێداویستییەکانی عێراق بۆ ناردنی دۆلاری کاش بۆ ساڵی داهاتوو، ئەوەش بووە هۆی دابەزینی بەرچاوی دۆلار.