
وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق بڵاویكردووەتەوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی شایستە داراییەکانی جوتیاران دا.
حەمید نایف، گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند، کەریم خەفاجی وەزیری کشتوکاڵی عێراق بەشداری كردووە لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی وەزیرانی دارایی و بازرگانی، کشتوکاڵ و راوێژکاری مستەفا كازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق. لە كۆبوونەوەكەدا رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی بڕی 600 ملیار دینار دراوە، وەک شایستە داراییەکانی ئەو جووتیارانەی کە ئەمساڵ گەنمیان رادەستکردووە.
جەختیشیكردەوە، لەو بڕە پارەیە 70 ملیار دینار بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ تەرخانکراوە، بۆ ئەوەی لە رێگەیەوە پارەی بنەتۆی پلەیەک خەرج بكرێت، ھەرچی شایستە داراییەکانی دیکەی جووتیارانە کە ماوە، بڕیارە بەر لە كۆتایی ئەمساڵ خەرجبكرێت و داوا لە سەرجەم جووتیاران دەكرێت بەرھەمھێنانی كشتوكاڵ زیاتر بكەن، بۆ ئەوەی پێداویستی ئاسایشی خۆراك بە تەواوی دابینبكرێت و بگەنە ئاستی خۆبژێوی.