
هەڵبژاردن و گاڵتەجاڕی دیموکراسی!
زانیار مەلا عابید✍️ باسک نێت
لە دونیای دیموکراسیدا، پرۆسەی هەڵبژاردن وەک کۆڵەکەی سەرەکی بەڕێوەبردن و دەستاودەستکردنی دەسەڵات تەماشا دەکرێت، لەم سیستمەدا بانگەشەی ئازادی و یەکسانی لە مافەکاندا دەکرێت، پڕۆسەکە بەشێوەی خولی یاسایی و دیاریکراو بەڕێوەدەچێت (بۆ نموونە، ماوەی چوار یان پێنج ساڵ بۆ پەرلەمان و کابینەی حکومەت) دیاری دەکرێت.
بەڵام کاتێک ئەم چەمکانە وەک (ئازادی، دیموکراسی و مافی مرۆڤ) لە ژینگەیەکی ناتەندروستدا پراکتیزە دەکرێن، ناوەرۆکە ڕاستەقینەکەیان بزر دەبێت و دەبنە کارتۆنێکی بەتاڵ.
لە بنەڕەتدا دیموکراسی جیاوازی لە نێوان تاکەکاندا ناکات لە مافی دەنگداندا بەڵام ئەمە لایەنێکی دوو سەرەیە، کاتێک مافی دەنگدان بەبێ ڕەچاوکردنی ئاستی هۆشیاری، پسپۆڕی و شارەزایی بەهەر کەسێکی تەمەن ١٨ ساڵ دەدرێت، سندوقەکانی دەنگدان دەکەونە ژێر کاریگەریی هەستی سۆزداری، دروشمی ڕووکەش و تەنانەت بەرژەوەندی تەسکەوە.
بەم هۆیەوە، دەبینین زۆرینەی ئەو کەسانەی دەبنە پەرلەمانتار و سەرۆک، ئەو کەسانەن کە تەنها ناوبانگێکی کۆمەڵایەتییان هەیە، جا هونەرمەندی دەنگخۆشە، پێشکەشکاری میدیاییە، شاعیرە، بازرگانە، وتاربێژی ڕەوانبێژە یان خاوەنی دەزگای خێرخوازییە.
هەرچەندە ئەم کەسە بەڕێزانە لە ڕووی کەسێتییەوە ڕەنگە خاوەنی کەسایەتیی باش بن، بەڵام مەرج نییە شارەزای کاری یاسادانان، سیاسەت و بەڕێوەبردنی سیستمێکی کۆمەڵایەتی و نیشتمانی بن.
وەک چۆن لە بەدواداچوونەکانماندا لە کەناڵی (IMK) و ژووری هەواڵدا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە لە (مانگی ١٠ی ساڵی٢٠٢٤)دا ئەنجامدرا بۆمان دەرکەوت، پرۆسەکە زیاتر پشت بە کاریگەریی مادی و دەرونی دەبەستێت نەک توانا، لە کاتێکدا کەسانێکی شایستە، خاوەن بڕوانامەی ئەکادیمی، یاسایی و سیاسی بوونیان هەبوو، بەڵام لایەنە سیاسییەکان بە بەخشینەوەی پارە، دیاری گرانبەها و دروشمی بریقەدار، توانیان زۆرینەی کەسانی نەشیاو بنێرنە پەرلەمان، ئەمەش ئامانجی ناوەندی یاسادانانی خستە ژێر پرسیارەوە، نەک بۆ بەهێزکردنی پایەی یاسا، بەڵکو بۆ شێواندنی شکۆی پەرلەمان.
ئێستا دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر ئەو هەڵبژاردنەدا، پاش دانیشتنی یەکەم، تەنها بۆ سوێندخواردنی ئەندامانی نوێی پەرلەمان، ئیتر لەوساتەوە جگەلە مسۆگەرکردنی مووچە و ئیمتیازاتی خەیاڵی بۆ پەرلەمانتاران ، هیچ کارێکی دیار نەکراوە بۆ هاوڵاتیان.
پرسیارەکە لێرەدایە:
• ئایا کام پرۆژە پێشکەش کرا؟
• کام یاسا هەموار کرایەوە؟
• کام کێشەی دەنگدەران و هاوڵاتیان چارەسەر کرا؟
بێدەنگی تەواوی پەرلەمانتارانیش لە ئاست وەرگرتنی ئەم مووچە و ئیمتیازاتانە، بێبەرهەمی تەواوی ئەم دۆخە دەردەخات.
ئەم جۆرە هەڵبژاردنە و ئەم دیموکراسییە ڕووکەشە، جگە لە گاڵتەجاڕییەکی ناخۆش و گەوجاندنی زۆرینەی هاوڵاتییان زیاتر، هیچ بەرهەمێکی تری نەبووە، خۆ ئەگەر هەڵبژاردن لە داهاتوودا دوور بێت لە دەستێوەردانی دەرەکی و دەستڕۆیشتوویی و زاڵبوونی حیزبی و بەکارهێنانی هێز و چاوسوورکردنەوەی سەربازی، ئەوا لەو کاتەدا دەکرێت پەرلەمانێکی کاریگەر و خاوەن بڕیار بێتە کایەوە کە بتوانێت بەبێ جیاوازی خزمەت بەکۆی هاوڵاتیان بکات.




