
پەرلەمانتارێكی رێكخراوی بەدر:
تەقینەوەی كۆگاكەی حەشدی شەعبی بەهۆی هێرشی ئەمریكاوە بووەو نابێت حكومەت بێدەنگی لەم دەستدرێژیانە بكات
باسک نێت
کەریم علێوی محەمەداوی، پەرلەمانتاری رێكخراوی بەدر، ئەمریکای تۆمەتبار دەكات بە هێرشكردنە سەر کۆگاكەی حەشدی شەعبی لە بەغدادو داوای پێداچوونەوە بە رێککەوتنەکان و هەماهەنگی هاوبەش لەگەڵ ئەمریکا دەكات، ئەوە لەكاتێكدایە دەستەی حەشدی شەعبی هەر هێرشێکی دەرەکی رەتکردووەتەوە و رووداوەکەی بۆ خەوشێكی ناوخۆیی گەڕاندەوە.
کەریم علێوی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی نوسویەتی، بەئامانجکردنی دووبارەی هێزەکانی حەشدی شەعبی لەلایەن ئەمریکییەکانەوە تاوانێکە ناكرێت بێدەنگی لێبكرێت، داواشی لە حكومەت كردووە، هەموو کەناڵە دیپلۆماسی و یاساییەکانی بەکاربهێنێت بۆ کۆتاییهێنان بەم پێشێلکارییە بەردەوامانە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم جۆرە کارانە رێککەوتنی ئەمریکا و عێراق پێشێل دەکەن، كە لەسەر ئەو بنەمایە هێزە نێودەوڵەتییەکان لە عێراق کشاونەتەوە.




