
حکومەتی عێراق ڕێوشوێنی نوێ بۆ مووچە دەگرێتەبەر
باسک نێت
لە کاتێکدا پێشهاتە خێرا و ئاڵۆزییەکانی ڕێڕەوی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز نیگەرانیی لەسەر هەناردەکردنی نەوت دروستکردووە، حکومەتی عێراق ڕێوشوێنی نوێی دارایی بۆ مسۆگەرکردنی مووچە و خەرجییە حاکمەکان گرتووەتەبەر.
د. مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی و ئابووری، بە ڕۆژنامەی (الصباح)ـی ڕاگەیاند: “بەڕێوەبردنی دارایی گشتی لەژێر چەتری یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی ژمارە (6)ی ساڵی 2019دا دەبێت، بۆ ئەوەی خەرجییە گشتییەکان ڕێکبخرێت و دامەزراوەکانی دەوڵەت و ئەرکە خزمەتگوزارییەکان لە هەر تەنگژەیەکی دەرەکی بپارێزرێن.”
ڕاوێژکارەکەی سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەشکرد، دەسەڵاتە داراییەکان هەموو بژاردەکان بەکاردەهێنن، لەوانەش قەرزی ناوخۆیی بۆ پڕکردنەوەی هەر بۆشاییەکی کاتیی نەختینە تاوەکو مووچە و خەرجییە بنەڕەتییەکان بەبێ پەککەوتن دابین بکرێن.
بەگوێرەی داتاکانی ڕاوێژکاری دارایی، قەبارەی خەرجیی مانگانەی مووچە و خانەنشینی و تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی نزیکەی 8 تریلیۆن دینارە، بەڵام کاتێک خەرجییە حاکمە تشغیلییەکان زیاد دەکرێت، کۆی گشتی پابەندبوونە داراییەکانی مانگانەی دەوڵەت دەگاتە نزیکەی 10 تریلیۆن دینار.




