جیهانهەواڵ

ئەردۆغان: “ئەنقەرە بە میوانداری لووتکەی ناتۆ، پێگەکەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەهێزتر کرد

ئەردۆغان ڕایگەیاند “ئەنقەرە بە میوانداری لە لووتکەیەکی مێژوویی (ناتۆ) و سەرکەوتنێکی مێژوویی، پێگەی خۆی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەوەندەی تر بەهێز کرد”.

باسک نێت

سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دوای کۆبوونەوەی کابینەی سەرکۆماریی ڕوونکردنەوەی بۆ ڕای گشتی دا.

لەسەرەتای قسەکانیدا ئەردۆغان باسی لە ٣١مین ساڵیادی کۆمەڵکوژی سرێبرێنیتسا کرد و لەم بارەیەوە گوتی: “وەک تورکیا بۆ دووبارە نەبوونەوەی ئەو ژانانە، ئەوەی لە دەستمان بێت ئەنجامی دەدەین. هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ دەستەبەری سەقامگیری و خوشگوزەرانی بۆ هەموو تاکەکانی بۆسنە و هەرزگۆڤین کە لە هەر باوەڕ، کولتوور و ئەتنیکێکدا بن بۆ ئەوەی لە ئاشتیدا بژین”.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا  ئەردۆغان باسی لە ئەنجامدانی لووتکەی ناتۆ لە ڕۆژانی ٧ و ٨ی ئەم مانگە لە ئەنقەرە کرد و گوتی:

“ئەنقەرە بە میوانداری لە لووتکەیەکی مێژوویی (ناتۆ) و سەرکەوتنێکی مێژوویی، پێگەی خۆی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەوەندەی تر بەهێز کرد. بەراورد بە لووتکەکانی دیکەی ناتۆ کە من لە بەشێکی بەرچاوی بەشدار بووم، لووتکەی ئەنقەرە یەکێک لەو لووتکانە بوو کە زۆرترین گرنگی لەسەر ئاستی مەیدانی پێدرا”.

گوتیشی: “لەهەر پارت، ڕوانگە و یان ڕیشەیەک بین، هەموومان هاووڵاتی ئەم دەوڵەتەین. ئەوەی بۆ تورکیا باش بێت بۆ هەموومان باش، بەسوود و خێردارە. کەڵک وەرگرتن لە پرسە نیشتمانییەکان لە شەڕی ئایدیۆلۆجیا و مشتومڕی سیاسی بە دروست نازانم”.

ئەردۆغان هەروەها ڕایگەیاند: “لووتکەی سەرکردەکانی ناتۆ بوو بە شوێنی نمایشکردنی هەموو نەریتە دێرینەکانی دەوڵەتمان. ئەوانەی لە مارشی سەربازیی نەریتی تورکیا نیگەران بوون، وەبیریان دێنمەوە، ئیتر تورکیایەک نییە میراتەکەی ڕەتبکاتەوە و تورکیایەک هەیە پارێزەری شارستانییەت و کولتوورەکەیەتی”.

سەرکۆماری تورکیا ئەردۆغان هەروەها گوتی: “لووتکەی سەرکردەکانی ناتۆ بۆ ئەو نەزانانەی کە دەیانگوت ‘بگەین بە دەسەڵات کۆشکی سەرکۆماریی دەڕوخێنین’، بە ڕوونی دەریخست ئەو کۆشکە بۆ تورکیا چی مانایەکی هەیە.

لەو دۆخەدا کە سیستەمە کۆنەکە لە ژێر چاودێری چڕدایە و سیستەمی نوێ ژانی لەدایکبوونێکی نوێی تاقی دەکاتەوە، دڵی دیپلۆماسی جیهان لە کۆشک (ی سەرکۆماریی) لێدەدات”.

لە کۆتایی قسەکانیدا  ئەردۆغان باسی لە گرنگیدان بە کەرتی پیشەسازیی وڵاتەکەی و پشتیوانی بۆ ئەم کەرتە کرد و گوتی: “سەرقاڵی پەرەپێدان بە بوودجە و پێدانی کرێدی بۆ بەڵێنەکانی وەربەرهێنانین. بۆ ئەو پڕۆگرامە ٧٥٠ ملیار لیرە بوودجەکەمان زیاد دەکەین.

لە چوارچێوەی ئەو پلانی بوودجە نوێیەدا، پاکێجێکی ٢٥٠ ملیار لیرەیی بە مەرجی گونجاو، دەخەینە خزمەت کەرتی پیشەسازیمان. بە جێبەجێکردنی ئەو دوو پڕۆگرامە لە چوارچێوەی پلانی بوودجەی نوێدا، بە گشتی کرێدی یەک ترلیۆن لیرە بە مەرجی گونجاو، دەخەینە خزمەت کەرتی پیشەسازیمان”.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close