كەش و هەوا
شەپۆلێکی بەتینی گەرما ، پلەکانی گەرما نیوەی کوڵان تۆمار دەکەن

شەپۆلێکی بەتینی گەرما ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەگرێتەوە و لە بەشێک لە شارەکانی باشووری عێراق پلەکانی گەرما نیوەی کوڵان تۆمار دەکەن، کەشناسێکیش هۆشداری دەداتە هاوڵاتیان کە خۆیان لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی تیشکی خۆر بپارێزن.
هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند؛ لە ڕۆژی هەینییەوە ڕێکەوتی (10 / 7 / 2026) بەهۆی هاتنی بارستە هەوایەکی گەرم بۆ ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی تەدریجی (2 بۆ 3) پلەی سیلیزی بەرزدەبنەوە، لە ناوەڕاستی هەفتەشەوە ڕێکەوتی (12 / 7 / 2026) کاریگەریی ئەو بارستە هەوا گەرمە زیاتر دەبێت و گەرمای ڕاستەقینەی مانگی تەمووز دەستپێدەکات، کە چەقی گەرماکە لە ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممەدا دەبێت.
بەپێی پێشبینییەکانی ئەو شارەزایەی کەشناسی، ناوچە دەشتاییەکانی هەرێم گەرمتر دەبن لە ناوچە شاخاوییەکان؛ بەشێوەیەک لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، پارێزگای کەرکوک و ناوچەکانی ڕۆژئاوای هەولێر (خەبات، گوێڕ و شەمامک) لە ڕۆژانی یەکشەممە، دووشەممە و سێشەممە بەرزترین پلەی گەرما لە ژێر سێبەردا لە نێوان (45° بۆ 47°) پلەی سیلیزی دەبێت. هەروەها لە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەڕین پلەکانی گەرما (42° بۆ 43°)، لە پارێزگای هەڵەبجە (43° بۆ 45°) کە لە ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممەدا ههڵهبجه گەرمتر دەبێت لە سلێمانی، لە هەولێری پایتەخت (44° بۆ 45°)، لە ئیدارەکانی سۆران و دهۆک (41° بۆ 42°) و لە ئیدارەی زاخۆ (42° بۆ 43°) پلەی سیلیزی دەبێت، لە کاتێکدا ناوچەی حاجی ئۆمەران و دەوروبەری بە تۆمارکردنی (33° بۆ 35°) پلەی سیلیزی، فێنکتریین ناوچەی هەرێم دەبێت.
سەبارەت بە ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، ئەو شارەزایەی کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە کە پلەکانی گەرما ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار دەکەن؛ لە شارەکانی بەسڕە، عەمامە و ناسریە لە ڕۆژانی سێشەممە، چوارشەممە، پێنجشەممە و هەینی پلەی گەرما دەگاتە نیوەی کوڵان واتە (50° بۆ 51°) پلەی سیلیزی و گەرماکەی پڕووکێنەر دەبێت، لە ناوچەکانی ناوەڕاستی عێراقیش دەگاتە (48° بۆ 49°) پلەی سیلیزی. ئاشکراشی کردووە کە ئەم شەپۆلە تەنها عێراق ناگرێتەوە، بەڵکو وڵاتانی کوێت، سعوودیە، ئیمارات، قەتەر، بەحرەین، یەمەن و عومانیش دەگرێتەوە.
لە کۆتاییدا، هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی هۆشداری داوە کە لە کاتەکانی پێشنیوەڕۆ بۆ کاتی عەسر، ڕێژەی تیشکی سەرووی وەنەوشەیی بەرزدەبێتەوە، بۆیە باشتر وایە هاوڵاتیان خۆیان لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی تیشکی خۆر بپارێزن و بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە، ڕوونیشیکردەوە کە کاریگەریی ئەم شەپۆلە و بەرز مانەوەی پلەکانی گەرما تاوەکو ڕێکەوتی (20 / 7 / 2026) بەردەوام دەبێت.




