
بۆچی زۆرێک لە مرۆڤە زیرەکەکان شکست دەهێنن ؟
پ. د. سەعید عەلی محەمەد✍️باسک نێت
یەکێک لەو بابەتە گرنگانەی خەڵکی سەرقاڵ و سەرسوڕماو کردووە ئەوەیە :
زۆرێک لە مرۆڤە زیرەکەکان ئەو سەرکەوتنە بەدەست ناهێنن کە هەموان چاوەڕێیان دەکرد بەدەستی بهێنن ، یان ناگەنە ئەو نمرەو پلەو ئاستەی کە شایەن بوو بە ڕادەی لێهاتوویی و زیرەکی و تواناکانیان ! ڕاستە ئەوان توانای خێرا تێگەیشتنیان هەیە ، توانای شیکردنەوەیان بەهێزە ، خاوەن توانایەکی دیاری عەقڵیی گەورەو بێ وێنەن…. بەڵام دەبینی ئەم کەسە زیرەکانە هەندێک جار زۆر زیاتر لەو کەسانە توشی شکست و ڕووخان دەبنەوە کە ئاستی زیرەکیەکەیان لەمانیش کەمترو خوارترە !
دەتوانین بڵێین : هۆکاری ئەم حاڵەتە ئەوەیە : کە سەرکەوتن لە ژیان و پرۆژەکاندا بەس بە تەنها لەسەر بەهرەو زیرەکیی نەوەستاوە ..
هەندێک لە زیرەکەکان گیرۆدەی دەردی ( شپرزەیی ) بوون ، یان گیرۆدەی دەردی ( دواخستن و کەڵەکەکردن ) بوون ، یان گیرۆدەی ( لاوازی و بێ بەرنامەیی ) بوون ، یان بەدەست ( بێزاربوونی خێرا ) وە دەناڵێنن ، یان هەمیشە حەزی ئەوە دەکەن خێراو بێ چاوەڕوانیی و ئارامگرتن ئەنجام و بەرهەمەکانیان دەستکەوێتەوە .
ئەمە لەکاتێکدا کەسە ئاساییەکانی تر چونکە خاوەنی سیفەت و خەسڵەتەکانی ( بەردەوام بوون ) و ، ( دامەزراویی ) و ، ( پابەندبوون ) و ، ( بەرگەگرتن ) و ، ( کارکردن و کۆششکردن ) ن تەنانەت لەو کات و ساتانەشدا هەست بە حەماسەت و گەرموگوڕیش ناکەن سەردەکەون و دەستکەوتی گەورە بەدەست دەهێنن .
بۆیە دەبینین ژیان مەرج نیە هەمیشە پاداشتی ئەو کەسە بکات ( زیرەکترە ) ، بەڵکو بەزۆری پاداشتی ئەوکەسە دەکات زیاتر بە بەرنامەترو دامەزراو و چەسپاوترو بەتواناترە لەسەر بەردەوامبوون .
لەلایەکی ترەوە هەندێک لە زیرەکەکان دەکەونە نێو تەڵەیەکی زۆر مەترسیدارەوە کە بریتیە لە :
(زۆر بیر کردنەوەو کەم جێبەجێکردن ).. زۆر بە قوڵی بیر لە پرۆژەیەک دەکاتەوە ، بەوردی لێکدانەوە بۆ ئەگەرەکان دەکات ، بەدوای دۆزینەوەی باشترین کاتدایە ، ئەم کەسە ساڵانێکی دوورو درێژ تێ دەپەڕن بئ ئەوەی یەک هەنگاوی کرداریی ڕاستەقینە بەرەو پێشەوە بنێت …لەبەرانبەردا کەسێک کە ئاستی زیرەکیەکەی زۆر لەم خوارترو کەمترە هەنگاو دەنێت و لەڕێگەدا زۆر شت فێر دەبێت و دەکرێ هەڵەش بکات ، بەڵام بەرە بەرەو پلە بە پلە گەشەدەکات و بەهێز دەبێت تا دەگاتە بەدیهێنانی مەبەست و ئامانجە گەورەکەی خۆی ..
بۆیە دەگونجێ زیرەکی سەرەتایەکی بەهێز ببەخشێتە خاوەنەکەی ، بەڵام ئەو سەرەتایە بێ نیازی ناکات لە خۆڕاگریی و نەفەس درێژیی و دان بەخۆداگرتن و ، پلانی تۆکمەو چەسپاویی لەسەر ڕێگە درێژو کاروانە سەختەکە .




