
میدیاكانی ئەمریكا:
ترەمپ بە ناتانیاهۆی وتووە دوا دەرفەت دەدات بە دیپلۆماسی
”
باسک نێت
وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ وردەکاری وتووێژەکانی عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستانی ئاشکرا کرد و رايگەياند، گفتوگۆکان تا کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانی ئەمڕۆ بەردەوام بوون.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەكردووە، عراقچی و فەرماندەی سوپای پاکستان هەوڵ و دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییەکان بۆ پێشگرتن لە پەرەسەندن و کۆتاییهێنان بە ململانێکان لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل تاوتوێ کردووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، عراقچی و مونیر باسیان لە رێگاکانی بەهێزكردنی ئاشتی و سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەی رۆژئاوای ئاسیا کردووە.
ئەوە لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا لەگەڵ راوێژکارە باڵاکانی ئاسایشی نەتەوەیی، سیناریۆی گەڕانەوە بۆ کردەوەی سەربازیی تاوتوێ کردووە.
ماڵپەڕی “ئاکسیۆس” و” سی بی ئێس نیوز” لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاویكردەوە، كۆبونەوەكەی ترەمپ باسی لە پێشهاتەکانی وتووێژ لەگەڵ تاران و ئەو بژاردانەی كردووە لەبەردەستدان ئەگەر دانوستانەکان شکست بهێنن.
سی بی ئێس نیوز دووپاتی کردەووتەوە، سوپای ئەمەریکا خۆی بۆ ئەگەری هێرشی نوێ ئامادە دەکات، هەرچەندە تا ئێستا هیچ بڕیارێکی کۆتایی نەدراوە.
جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا و پیت هێگسێتی وەزیری بەرگری و جۆن راتکلیف بەڕێوەبەری سی ئای ئەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای دیکەی کۆشکی سپی بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەدا کردووە.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، ترەمپ بە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی راگەیاندووە، دوا دەرفەت دەدات بە دیپلۆماسی، بەڵام مەیلی بۆ هێرشی سەربازی دەبێت، ئەگەر چەقبەستن بەردەوام بێت.
هاوكات کۆشکی سپی خشتەی کۆتایی هەفتەی ترەمپ گۆڕی و لە واشنتۆن دەمێنێتەوە، سەرۆکی ئەمریکا وتی بەهۆی کاروباری دەوڵەتەوە بەشداری ئاهەنگی هاوسەرگیریی کوڕەکەی ناکات.




