
ئایا زانکۆ عەقڵ بنیات دەنێت ؟
پ . د . سەعید عەلی محەمەد✍️باسک نێت
خەڵکێکی زۆر بڕوانامەی زانکۆیی بەدەست دەهێنن … بەڵام تەنها کەمێک لەو خەڵکە کاتێک زانکۆ تەواو دەکات دەبێتە خاوەن عەقڵێکی گەشەکردوو ، عەقڵێکی قوڵ ، توانایەکی بەهێزی بیرکردنەوە… ئالێرەوە ڕاستیەک دەردەکەوێت کە زۆرێک لە تاکەکان ئاگایان لێی نیەو بیریان لێ نەکردووەتەوە ، ئەویش ئەوەیە :
زانکۆ ڕاستە مەعریفە دەبەخشێت ، بەڵام بنیاتنان و گەشەدان بە عەقڵ زۆر فراوانترە لە تەنها ئامادەبوونی وانەو موحازەرەکان و تێپەڕاندنی تاقیکردنەوەکان .. دەگونجێ کەسێک چوار ساڵی تەواو لەزانکۆ بخوێنێت ، بەڵام دواتر زانکۆ تەواوبکات بێ ئەوەی بتوانێت موناقەشەیەکی قوڵی بیرۆکەیەک بکات ، یان بتوانێت لەدەرەوەی پسپۆڕیەکەی خۆی بخوێنێتەوە ، یان بێ ئەوەی بتوانێت بە هۆشیارییەکی سەربەخۆوە شیکردنەوەو لێکدانەوە بۆ ئەوە بکات کە لەدەوروبەری ڕوودەدات .
لەبەرانبەردا کەسێکی تر هەیە زیرەکانەو بەشێوەیەکی جیاواز وەبەرهێنان لە ساڵەکانی خوێندنی زانکۆدا دەکات :
زۆر دەخوێنێتەوە ، زۆر موناقەشە دەکات ، زۆر پرسیار دەکات ، زۆرئەزموون دەکات ، زۆر وەبەرکەوتن دەکات لەگەڵ ئەوانی تردا ، زۆر برەو دەدات بە تواناو بەهرەکانی و ڕیتمی بیرکردنەوەکانی .. دواتریش بە بڕوانامەو بە عەقڵێکی گەورەوە زانکۆ بەجێ دەهێڵێت.
بێ گومان گرفت ئەوەیە زۆرێک لە گەنجەکان ئێستا وەک ئەوە مامەڵە لە گەڵ زانکۆدا دەکەن وەک ئەوەی زانکۆ ( هێڵی بەرهەم هێنانی بڕوانامەکان ) بێت ، نەک قۆناغی بنیاتنانی کەسایەتیی و بەهێزکردنی هۆشیاریی و توانای بیرکردنەوەو تێگەیشتن .
لەبەرئەوە پرسیارە ڕاستەقینەکە ئەوە نیە :
مرۆڤ چەند ساڵ دەخوێنێت ؟
بەڵکو پرسیار ئەوەیە : ئەم کەسە لەماوەی ساڵەکانی خوێندندا چەندە عەقڵی گۆڕاوە ؟ چەندە گەشەی کردووە ؟ چەندە لە ژیان حاڵی بووە ؟ ئایا تواناکانی لە ڕووی بیرکردنەوەو شیکردنەوە و دەرکردنی بڕیاردا بەرەو پێش چوون یان نا ؟
زانکۆ دەکرێ سەرەتایەکی گرنگ بێت بۆ بنیاتنان و تۆکمەکردنی عەقڵ .. لە هەمان کاتدا دەکرێ هەندێ کەس ساڵانێکی دوورودرێژ لە زانکۆدا بمێننەوە بێ ئەوەی هیچ گۆڕانکارییەک لە شێوازی بیرکردنەوەیاندا بێتە ئاراوە !
بەکورتی .. جیاوازی و وەرچەرخان زۆر جار هۆڵەکانی خوێندن بەتەنها دروستی ناکەن ، بەڵکو جیاوازیەکە شێوەی وەبەرهێنانی مرۆڤ دروستی دەکات لەم قۆناغە گرنگ و هەستیارەی تەمەنیدا .




