نوسەران

ئەو لایەن و پێگانەی ئەگەری لێدانیان هەیە لە لایەن ئەمریکاوە

ئەو لایەن و پێگانەی ئەگەری لێدانیان هەیە لە لایەن ئەمریکاوە
✍️خالد ڕەنجدەر ـباسک نێت✍️ ٢٠٢٤/٢/٢
کۆتا بڕیاری ئەمریکا لە تۆڵەی (٣) سەربازە کوژراوەکەی بنکەی سەربازی “تاوەر ٢٢” لە ئەردەن لێدانی ئەو کەس و لایەن و گروپانە دەبێت لە عێراق و سوریا کە ئەمریکای پێیوایە ئێران لە پشتیانە.


لە عێراق:
کەتیبەکانی حزبوڵای عێراقی کە هێرشەکەی سەر بنکەی تاوەر ٢٢ی ئەنجامداوە یەکەم و سەرەکیترین گروپی چەکداری شیعەیە کە ئەگەر هەیە ئەمریکای لێیبدات. کەتیبەکانی حزبوڵای عێراقی لە شاری عەممارە لە باشوری عێراق لە ساڵی ٢٠٠٧ دامەزراوە و، ئەگەر زۆرە بنکەی سەرەکی ئەو گروپە لە شاری عەممارە لێی بدرێت.


هەروەها بەرپرس و بنکە و بارەگای چەند گروپێکی دیکەی چەکدار، لەوانە “عصائب ئەهل الحق” کە قەیس خەزعەلی سەرۆکایەتی دەکات و، ئەمریکا تۆمەتباری کردووە بەوەی پیشتر بەدرۆن و مووشەک هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا.
موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، ئامانجێکی دیکەی ئەمریکایە. ئەو گروپە بۆ یەکەمپجار لە پێگەی تێلیگرام لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣دا خۆی ڕاگەیاندووە.


هەروەها چەند گروپێکی دیکەی چەکداری شیعە ئامانجن لە لایەن ئەمریکاوە، لەوانە: انصار اللە الاوفیاء و کەتیبەکانی سەید الشهداء و، بزووتنەوە النجباء کە لە ڕۆژی (٤)ی کانوونی ئەمساڵ لە بارەگاکەی لە ڕۆژهەڵاتی بەغداد درا.
لە سوریا:


هەموو بنکە و بارەگا و بەرپرسی گروپە چەکدارەکانی شیعە کە ئەمریکا پێیوایە ئێران هاوکارییان دەکات ئامانجن لە لایەن ئەمریکاوە. گروپە چەکدارە شیعەکانی سوریا زیاتر لە پارێزگای دیرالزور و شاری ئەلبو کەمال لە سەر سنووری نزیک عێراق جێگیرین. ئەمریکا پێیوایە ئەو گروپانە لە لایەن فەیلەقی قودسی ئێرانەوە هاوکاری دەکرێن.


هەروەها لیوای فاتیمییەکان کە شیعەی ئەفغانین و ، گروپی “زەینەبیون”ی پاکستانی کە ئەوانیش لە ناو خاکی سوریادان و، ئەو گروپانە لە نزیک مەرقەدی سەیدە ڕوقەیە لە گەڕەگی دیمەشقی کۆن بوونیان هەیە.
لە دیمەشق ڕاوێژکار ئێرانی هەن، بەتایبەتی لە نزیک فڕۆکەخانەی دیمەشق. پێشتر دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ئاماژەیان بەبوونیان لەو جێیانە کردووە.
لە دوێنێ پێنجشەممەوە ئێران ژمارەی ڕاوێژکارەکانی لە سوریا کەمکردووەتەوە. هاوکات ئێران هەوڵ دەدات شەڕەکەی لێ فراوان نەبێت.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close