
باسک نێت
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، ئەگەر سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو دەیەوێت رەزامەندی خودا، گەل و “ئال سەدر” بەدەستبهێنێت، دەبێت ئەم خاڵانە جێبەجێ بکات:
یەکەم: گۆڕینی گرووپە چەکدارەکان بۆ پێکهاتەی مرۆیی یان گرووپێکی ئایینی (جند الشعائر الدينية) لەژێر سەرپەرشتی دەستەی حەج و عومرەدا، یان گۆڕینیان بۆ رێکخراوی فریاگوزاری. ئەگەر لایەنەکان ئەمە بکەن، من ئامادەم “لیوای یەومول مەوعود” هەڵبوەشێنمەوە و “سەرایا سەلام”یش رادەستی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بکەم.
دووەم: دوورکەوتنەوە لە “خلطة العطار” (پشتبەستن بە پشتبەندی سیاسی و مەزهەبی) لە پێکهێنانی کابینەی وزاریی، و دوورخستنەوەی هەموو ئەو لایەنانەی باڵە چەکدارەکانیان هەیە.
سێیەم: کارکردن بۆ سەربەخۆیی راستەقینەی عێراق و رێگریکردن لە هەر دەستوەردانێکی دەرەکی، بە دروشمی “نە رۆژهەڵاتی و نە رۆژئاوایی”.
چوارەم: دەستپێکردنی هەڵمەتێکی خێرا بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی لە ماوەی تەنیا 90 رۆژدا، بە مەرجێک لە دۆسیەی “دزی سەدە” و سزادانی تاوانبارانەکەیەوە دەستپێبکات.
پێنجەم: بەهێزکردنی پەیوەندییە دەرەکییەکانی عێراق لەسەر ئاستی عەرەبی، ئیسلامی و نێودەوڵەتی، بە جۆرێک پارێزگاری لە شکۆی عێراق بکرێت و رێگری لە دەستوەردان بکرێت.
شەشەم: رازی نابن هیچ ئەندامێکی “رەوتی نیشتمانیی شیعە” لە کابینەی داهاتوودا هەبێت، هیچ وەزیرێک نوێنەرایەتی ئێمە ناکات.




