
ئیسماعیل قائانی وەڵامى ترەمپ دەداتەوە: بە دەستی بەتاڵ ناوچەکە جێدەهێڵن
باسک نێت
ئیسماعیل قائانى فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران ڕایگەیاند، ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی ناچار دەبن بەبێ هیچ دەستکەوتێک ناوچەکە جێبهێڵن.
ئیسماعیل قائانی لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وتی: “بەرەی یەکگرتووی بەرگری بوونێکی بەهێز و کاریگەری لە سەرتاسەری ناوچەکەدا هەیە و چاوەڕێی دوژمنانی مرۆڤایەتی دەکات”.
هەروەها وتیشی: “ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی دەبێت لەبیریان بێت، کە چۆن بە دەستی بەتاڵ لە یەمەنی قارەمان، بابەلمەندەب و دەریای سوور هەڵاتن”.
ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران ڕایگەیاند: “ئێستاش بەبێ هیچ دەستکەوتێک ناوچەکە جێدەهێڵن”.
لێدوانەکانی ناوبراو دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، هێزی دەریایی ئەمریکا دەست دەکات بە گەمارۆدانی گەرووی هورمز و هەروەها ڕێگری لە هەموو ئەو کەشتییانە دەکات لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا کە باجیان بە ئێران داوە.
بەڵام فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، ئەم بڕیارە تەنها ئەو کەشتییانە دەگرێتەوە، بەرەو بەندەرەکانی ئێران دەچن، یان لەوێوە دێن.
هەروەها سێنتکۆم وتیشی، ئەو کەشتییە نێودەوڵەتییانەی بەرەو ئێران ناچن، یان لە ئێرانەوە نایەن، ئازادیی کەشتیوانییان دەبێت بۆ تێپەڕین بە گەرووەکەدا.
سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەممە دەست بە گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران دەکات.




