جیهانهەواڵ

ترەمپ بە فەرمی كاندیدكردنەوەی خۆی بۆ خولێكی دیكەی سەرۆكایەتی قبووڵكرد

سەرۆكی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ بە فەرمی كاندیدكردنەوەی خۆی لە لایەن حزبی كۆماریەوە بۆ خولی دووەمی سەرۆكایەتی ئەمەریكا قبووڵكرد.

ترەمپ لە كۆنگرەی حزبه‌كه‌یدا لە باخچه‌ی كۆشكی سپیدا گوتی: ئەمه‌ریكاییە خۆشەویستەكان، ئەمڕۆ بەدڵێكی پڕ لە سوپاسگوزاری و گەشبینییەوە، كە سنووری نییە، كاندیدكردنم له‌ لایه‌ن كۆمارییه‌كانه‌وه‌ بۆ كێبڕكێی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا قبوڵ ده‌كه‌م. 

ئامادەبووان زۆر بەگەرمییەوە پێشوازییان لەو لێدوانەی ترەمپ كرد و چەند جاران رستەی “چوار ساڵی دیكە”یان گوتەوە.

له‌و وتاره‌یدا، ترەمپ بەڵێنیدا، ئەگەر ھەڵبژێردرایەوە، ئابووری وڵات، دوای پەتای كۆرۆنا، زۆر بەخێرایی بەرەو باشیی دەباتەوە و گەشەی پێدەدات و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەكاتە “دەوڵەتێكی بەرھەمھێنەری قەبە”.

ھەروەھا “رێكارە توندەكانی” ئیداره‌كه‌ی له‌ دژی چین، به‌ یه‌كێك له‌ كارە چاكەكانی خۆی دانا و بەڵێنیدا، دیواری سنووری لەگەڵ مەكسیك تەواو بكات و ئەو كۆمپانیایانەش سزا بدات ئەوانەی دەرفەتی كاریان بردووەتە دەرەوە.

ترەمپ دیموكراتەكانی بەو رادیكاڵانە وەسفكرد، كە شێوازی ژیانی ئەمەریكایی وێران دەكەن. مەزندەشیكرد جۆ بایدنی ركابەری، بەھۆی كۆرۆناوە جارێكی دیكە كەرەنتینە دەسەپێنێتەوە و زیان به‌ ئابووری وڵات دەگەیەنێتەوە.

بڕیارە ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا لە 3ی مانگی تشرینی دووەمدا ئەنجامبدرێت و تێیدا ترەمپ و “مایك پینس” جێگری رووبەڕووی كاندیدی دیموكراتەكان جۆ بایدن و جێگرەكەی كامالا ھاریس دەبنەوە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close