
دوپشکەکانی دوێنێ و دوپشکەکانی ئەمڕۆ
پ . د . سەعید عەلی محەمەد ✍️باسک نێت
یەحیای کوڕی مەعین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەڵێت :
( موحەمەدی کوڕی مەناذیر زیندیقێک بوو دەڕۆشت بۆ دەشت و بیابانی بەتحاء ، دەگەڕاو ڕاوی دوپشکی دەکرد ، دواتر دوپشکەکانی دەنارد بۆ نێو مزگەوتی حەرام ).
سەیری ئەم دیمەنە ناشیرینە بکەن : زندیقێک بەئەنقەست هەوڵی ئازاردانی لاشەی ئەو مرۆڤانە دەدات کە لە پاکترین و پیرۆزترین شوێن و جێگای ئەم سەرزەویە خوا پەرستی دەکەن ، نە گوێ دەداتە پیرۆزی شوێنەکە ، نە شەرم لە پێگەو گەورەیی شوێنەکە دەکات .
ئینجا سەرنج بدەن .. ئەمڕۆی ئێستا چەندە لە دوێنێی ڕابردوو دەچێت!! چی گۆڕاوە ؟! هیچ نەگۆڕاوە ، تەنها بەرگەکە گۆڕاوە ، بەڵام ئافەت و دەردەکە وەک خۆی ماوەو نەگۆڕاوە ، دووپشکەکانی ئەمڕۆ بەسەر لم و زیخەکاندا تێپەڕناکەن و ناڕۆن ، بەڵکو ئەفکار و ئایدیاو ئایدۆلۆژیان و بەردەدرێنە عەقڵەکان و دەماغەکان ، ژەهرەکەش ئەو ژەهرە نیە کە دەچێتە نێو دەمارو ڕەگەکانەوە ، بەڵکو ژەهرێکی تایبەتەو بۆ نێو عەقڵەکان دزە دەکات .
بێ گومان زندیقەکانی ئەمڕۆ و ئەم سەردەمە لە ژمارەو سیفەت و ئەرکەکانیاندا هیچیان لە زیندیقەکانی دوێنێ جیاواز و کەمتر نین ! زندیقەکانی ئەمڕۆ دوپشکی قسەکانیان و وتارەکانیان و نوسینەکانیان و بۆچونەکانیان بۆ نێو فەزای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان هەڵدەدەن ، باوەڕو عەقیدەو ڕووی موسڵمانانی پێ دزێو و ناشیرین دەکەن ، ژەهری گومڕایی و گومان و دوودڵی لە بەرگی به ناو ( فیکرو ، سیاسەت و ، ئایدۆلۆژیاو ، ڕەگەزپەرستی و ، پڕوپاگەندەی نەتەوەپەرستی و ، تازەگەریی و مۆدێرنەدا ) لە هیزرو عەقڵ و دەروونیاندا بڵاو دەکەنەوە …
ڕاستە پێستەکان گۆڕاون ، بەڵام سروشتەکە نەگۆڕاوە ، دوپشکەکانی ئەمڕۆ هەمان دوپشکەکانی دوێنێن ، ئەگەرچی بەرگی پێکەوە ژیان و ئاشتیخوازی و عەقڵ و لۆژیکیشیان پۆشیبێت ، ئەگەر چی خۆیان بە بەبەرگی کرانەوەو ڕووناکبیری و دنیای نوێ جوان و ڕازاندبێتەوە !
دوپشکەکانی ئەمڕۆ وشەو چەمک و دەستەواژە داتاشراوە ژەهراویەکانن ، بڕگە ڤیدیۆییە ناشاییستەکانن ، ئایدیا و ئایدۆلۆژیا گومڕاکەرەکانن ، فڕێ دەدرێنە مەیدانەکانی سۆشیال میدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە ، هەروەک چۆن لە ڕابردوودا فڕێ دەدرانە نێو مزگەوتەکانەوە ، دڵەکان و عەقڵەکان دەگەزن پێش ئەوەی لاشەکان بگەزن .
زیندیقەکەی دوێنێ بەدوپشکێکی فیزیکی بینراو ترسی بڵاو دەکردەوەو ئارامی دەکوشت ، زیندیقەکانی ئەمڕۆ بە دوپشکی نەبینراوی فیکر و ئایدولۆژیا باوەڕو ئیمان و عەقیدە دەکوژن و دەلەرزێنن ، کە بەداخەوە ئاسەوارو شوێنەوارەکەی کاریگەرترو درێژخایەنترە ، برینەکەشی قوڵترو گەورەترە !
کەواتە چەندە پێویستە ئێمە وریاو بە ئاگا بین و خۆمان لەو دوپشکانە بپارێزین کە بە لاشەکانمانەوە دەدەن ، بەهەمان شێوە دەبێت زیرەک و هۆشیارو وریا بین و خۆمان لە دوپشکەکانی بەناو فیکرو سیاسەت و میدیاو ئایدۆلۆژیا بپارێزین …چونکە دڵنیابن ژەهری فیکرو ئایدۆلۆژیا ڕاستە کەمە کەمەو سستر بڵاو دەبێتەوە و تەشەنە دەکات ، بەڵام کاتێک بڵاو دەبێتەوە ناچێتە دەرەوەو جێگیر دەبێت ، کە جێگیریش بوو کۆتایی دەهێنێ و ماڵوێران دەکات …
وەیل و حەسرەت بۆ ڕۆژو سەردەم و زەمانێک دوپشکە قسەکەرەکان تێیدا زۆر زۆرن و چەپ و ڕاستیان تەنیوین… خۆشبەختی بۆ ئەو کەسانەی دەیانناسنەوە پێش ئەوەی پێیانەوە بدەن ، لە ناویان دەبەن و پانیان دەکەوە پێش ئەوەی ژەهرەکەیان جارێکی تر ڕەوانەی دڵێکی تر بکەن.




