نوسەران

تاڵە مووەکەی موعاویە لە نێوان ئێران و ئەمریکادا

تاڵە مووەکەی موعاویە لە نێوان ئێران و ئەمریکادا
✍️خالد ڕەنجدەر✍️باسک نێت


جارێک پیاوێکی ئەعرابی لە موعاویەی پرسی: تۆ چۆن توانێت ٤٠ ساڵ دەسەڵاتدارێتی شام بکەی لە کاتێکدا شام پڕ بوو لە ئاژاوە و فیتنە؟ موعاویە لە وەڵامدا پێیوت: لەو شوێنەی توانیبێتم قامچییەکەم بەکاربێنم، شمشێرم پێویست نەبووە و، لەو شوێنەی پێویستم بەقامچییەکەم نەبووە، زمانم بەکارهێناوە. لە نێوان من و ئەو خەڵکەدا “تاڵە مووەیەک” هەبووە. کاتێک ئەوان توندیان کردووەتەوە، من شلم کردووەتەوە. کاتێک ئەوان شلیان کردووەتەوە، من توندم کردووەتەوە.
“تاڵە مووەکەی”ی موعاویە دەم بەدەم لەناو عەرەبدا دەگێڕدرێتەوە و، مەبەست لێی زیرەکییە لە مامەڵە کردنی سیاسییانە. لەم ڕۆژەدا دەتوانین “تاڵە مووەکەی”ی موعاویە لە سیاسەتی نێوان ئێران و ئەمریکادا ببینین.

هەردوولایان هەڵوێستی هەم توندیان هەیە و، هەم نەرمیش. کاتێک ئێران لە ڕێگەی گروپە چەکدارەکانەوە تاڵە مووەکەی موعاویە لە ئەمریکا توند دەکاتەوە، ئەمریکا لێدوانی نەرم دەدات و، دەڵێ نامانەوێ شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەورەتر ببێت. کاتێکیش ئەمریکا کاردانەوەی دەبێت و لە گروپە چەکدارەکانی سەر بەئێران دەدات، ئێران تاڵە مووەکەی موعاویە شل دەکاتەوە و نەرمە.
ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران ناهێڵێت ناوچەکە ڕوو لە بووژانەوەی ئابووری بکات. ئێران و ئەمریکا شەڕی یەکتر لەسەر خاكی وڵاتانی ناوچەکە دەکەن. لە کاردانەوەی کوشتنی (٣) سەربازی ئەمریکایی و بریندارکردنی دەیانی دیکە، جۆ بایدن پێویستی بەوەبوو هاوسەنگییەک لە نێوان سزادانی گروپە چەکدارەکان و بەکارهێنانی هێزی بەرپەچ دانەوەی ئەمریکا دروست بکات.


ئێستا قۆناغێکە ئەمریکا تاڵە مووەکەی موعاویەی توند کردووەتەوە و، چاوێکیشی لەسەر ئەوەیە شەڕەکە فراوان نەبێت، بەڵام بایدن بەرهەڵستکاری لەناو ئیدارەکەی خۆی زۆرن. کەسێکی وەک لیندسی گراهامی نوێنەری هەرێمی کارۆلینای باشور ڕای وایە لەناو خاکی ئێران هێرش بکرێتە سەر دامەزراوەکانی ئێران و تۆڵەی سەربازە کوژراوەکانی ئەمریکا بکرێتەوە. تۆم کوتون، نوێنەری هەرێمی ئەرکەنساس دەڵێ دەبێ تۆڵە کردنەوەی سەربازی ئەمریکایی ڕووخێنەر بێت و دژ بەهێزی تیرۆری ئێرانی بێت، ئیتر یان لەناو ئێران بێت یان لە هەموو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت. کەمتر لەوە نیشانەی ئەوەیە کە جۆ بایدن ترسنۆکە و شایەنی ئەوە نییە سەرکردەی باڵا بێت.


ئێران پێیوانییە تاکو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە کۆتایی ئەمساڵدا، گەڕانەوە هەبێت بۆ سەر مێزی گفتوگۆی تایبەت بە بەرنامەی ناوکی و، ئێران کە ئابووری بەتەواوی دابەزیووە، هیچی دیکەی نییە لەدەستی بدات. لەبەرئەوە تاڵە مووەکەی موعایە زیاتر توند دەکاتەوە و، مەسەلەکە لەوە دەرچووە گروپە چەکدارە شیعەکانیش هەژموونی ئێران لە ناوچەکە بپارێزن، بەڵکو چالاکی و هێرشەکانیان تەنها کاردانەوەیە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close