نوسەران

زیرەكی دەستكرد  دەڵێ  :  بەم شێوەیە خۆتان ئامادە بكەن بۆ ڕەمەزان

زیرەكی دەستكرد  دەڵێ  :  بەم شێوەیە خۆتان ئامادە بكەن بۆ ڕەمەزان

پ . د . سەعید عەلی محەمەد ✍️ باسک نێت

پرسیارم لە ( زیرەكی دەستكرد ) كرد  : چۆن بەشێوەیەكی جوان و ڕێك و پێك و دروست خۆمان ئامادە بكەین بۆ ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان  ؟ زیرەكی دەستكرد لە وەڵامدا ووتی  :
ئامادەیی وەرگرتن بۆ ڕەمەزان دەخوازێ دڵ و دەروون و لاشە پێكەوە خۆیان بۆ پێشوازی ڕەمەزان ئامادە بكەن  ، ئەمەش لەڕێی ئەنجامدانی كۆمەڵێ عیبادەت و پەرستش و نەریت و  ڕەفتاری جوانەوە  ، ئەمانەی خوارەوەش گرنگترین هەنگاوەكانی خۆئامادەكردنن بۆ پێشوازی كردن لە مانگی ڕەمەزان  :

یەكەم  /  گەڕانەوە و وازهێنان لە گوناھ و نوێكردنەوەی نیەت … ڕەمەزان هەلێكی گەورە و مەزن و بەردەستە بۆ لێخۆشبوون لە گوناهەكان  ، بۆیە پێویستە مرۆڤی بڕوادار ( ڕاستگۆیانە بگەڕێتەوە) و دەست لە گوناهەكان هەڵگرێ  ، قورئان دەفەرموێ  :
( ئەی بڕواداران … هەمووتان بگەڕێنەوە بۆ لای پەروەردگار بۆ ئەوەی سەركوتوو و بەختەوەرو خۆشبەخت بن ).

دووەم /  زۆر  ڕۆژووگرتن لە مانگی شەعباندا ….پێغەمبەر – دروودی خوای لێ بێ – لە مانگی شەعباندا ڕۆژووی زۆری دەگرت بۆ ئەوەی ئامادەیی وەربگرێ بۆ مانگی ڕەمەزان  ، عائیشە دایكی باوەڕداران دەفەرموێ  :
( نەمبینیوە پێغەمبەر  — درودی خوای لێ بێ –  مانگێك بە تەواوەتی بەڕۆژوو بووبێ مانگی ڕەمەزان نەبێ  ، هەروەها نەمبینیوە زۆرترینی مانگێك بەڕۆژوو بێ مانگی شەعبان نەبێ ) .

سێهەم /  پاككردنەوەی دڵ و دەروون .. ڕەمەزان مانگی عیبادەت و پەرستشەكانە ، پێویستە دڵ پاك بكرێتەوە لە ئافەت و دەردوو نەخۆشییەكان  ، وەک  : حەسەد و ئیرەیی و ڕق و قین و نەخۆشیە دەروونیە ناپەسەندەكان ، پێغەمبەر – درودی خوای لێ بێ – دەفەرموێ  :  ( شەوی ناوەڕاستی مانگی شەعبان  ، پەروەردگار لە هەموو مرۆڤێكی موسڵمان خۆش دەبێ  ، جگە لە كەسێك نەبێ  هاوەڵ بۆ پەروەردگار بڕیار بدات ،  یان ناكۆكی و ڕق و قینێكی لە دڵدا بێ ).

چوارەم /  فێربوون و شارەزابوون لە یاساكانی ڕۆژووگرتن و عیبادەت كردن….
پێویستە بڕوادار شارەزای یاساكانی ڕۆژووگرتن و زەكات دان و ئەركە ئایینی و پەرستشەكانی تر بێت بۆ ئەوەی بەڕێك و پێك ترین شیوە و بەو شێوەی داوا كراوە ئەنجامیان بدات.

پێنجەم  /  خۆڕاهێنان لەسەر نوێژكردن و قورئان خوێندن بە شەودا … چونكە پێشینان و پیاوە ساڵحەكان لە ڕابردوودا بە نوێژكردن و قورئان زۆر خوێندنەوە بە شەودا خۆیان بۆ ڕەمەزان ئامادە دەكرد .

شەشەم / دانانی پلانێكی تایبەت بەخۆت بۆ عیبادەت كردن …. وەك  :  دانانی خشتەیەكی ڕۆژانە بۆ نوێژەكان و زیكرەكان و خوێندنەوەی قورئان و سەدەقە و چاكەكردن و یارمەتی دانی هەژاران  ، هەروەها زۆر سەرقاڵ نەبوون  بە مۆبایلەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان لەپێناو زیاتر تەرخانكردنی كاتەكان بۆ پەرستش و ئەنجامدانی ئەركە ئاینیە پیرۆزەكان!

حەوتەم /  ڕۆژووگرتنەوەی ڕۆژووی ڕۆژە فەوتاوەكان …. واتە  :  ئەگەر بڕوادارێك ڕۆژووی ڕۆژەكانی مانگی ڕەمەزانی ڕابردووی لەسەر بوو  ،  باشتر وایە پێش  چوونە نێو مانگی نوێی ڕەمەزانەوە  ، ئەو ڕۆژووانە بگێڕێتەوە! عائیشە ڕەزای خوای لەسەر بێ دەفەرموێ  :
(من هەندێ جار ڕۆژووی ڕەمەزانم لەسەر بوو  ، نەمدەتوانی ڕۆژووەکە بگرمەوە تەنها لە مانگی شەعباندا نەبێ ).

هەشتەم / پاڕانەوە و داواكردن بە گەیشتن بە مانگی ڕەمەزان … هاوەڵانی پێغەمبەر  — خوایان لێ ڕازی بێ – شەش مانگی ڕەبەق داوایان دەكرد و دەپاڕانەوە پەروەردگار بیانگەیەنێتە مانگی ڕەمەزان  ، یەكێك لە هاوەڵان دەفەرموێ  :  ( هاوەڵان شەش مانگی تەواو دەپاڕانەوە بگەنە مانگی ڕەمەزان ، دواتریش شەش مانگی تر دەپاڕانەوە پەروەردگار ڕۆژووی مانگی ڕەمەزانیان لێ وەربگرێ ).

نۆیەم / ئامادەیی وەرگرتنی لاشە و كەمكردنەوەی نەریتە خراپەكان  … وەك  :  كەمكردنەوەی خواردن و بەكارهێنانی كافایین ، بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە سەرئێشە لە كاتی ڕۆژووگرتندا … تەندروستكردن و ڕێكخستنی نەریتەكانی خواردن بۆ خۆپاراستن لە ماندووبوون و كەمكردنەوەی فشارەكان لە كاتەكانی ڕۆژدا.

دەیەم /  سەدەقەكردن و زۆر یارمەتیدانی هەژارو نەدارەكان…. پێغەمبەر – دروودی خوای لەسەر بێ – دەفەرموێ  :  ( باشترین سەدەقە و چاكە  ، سەدەقە و چاكەیە لە مانگی ڕەمەزاندا ).

ئامادەكردنی سەبەتەی خواردن  ،  یان پێویستی و شتومەكی خواردن بۆ خێزانە هەژارەكان  ،  یان بەشداریكردن لە ئامادەكردنی خواردنی تایبەت بە بەربانگ كردنەوە لەكاتی ئێواراندا بۆ ڕۆژووەوانان .

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close