
بلومبێرگ:
ئێران سەرکەوتوو بووە لە پاراستنی دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان
باسک نێت
تۆڕی هەواڵی “بلومبێرگ”ی ئەمریكی لە راپۆرتێكدا ئاشکرای کردووە، ئێران سەرکەوتوو بووە لە پاراستنی دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، سەرەڕای چەند مانگێک لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، ئەوەش دەرفەتی ئەوەی پێدەدات جبەخانەی سەربازی خۆی بونیاد بنێتەوە.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممەی رابردوو رایگەیاند، پێش هەڵبژاردنی نوێكردنەوەی نێوەی خولی کۆنگرێس لە مانگی نۆڤەمبەری داهاتوودا هێرش ناکاتە سەر ئێران.
بلۆمبێرگ لە زاری بەرپرسانی رۆژئاواوە بڵاویكردووەتەوە، تاران هێشتا توانای دروستکردنی چەکی هەیە بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو جبەخانەیەی لەدەستی داوە.
بەرپرسێک ئاماژەی بەوەداوە، ئێران کۆگایەکی گەورەی موشەکی بالیستی و چەکی دژە کەشتی هەیەو دەتوانێت كۆگاكانی بە خێرایی زیادبكات و روسیاش موشەک بۆ ئێران دابین دەکات.
ئەم هەڵەسەنگاندنە پێچەوانەی لێدوانە بەردەوامەكانی ترەمپ و بەرپرسانی ئیدارەکەیەتی كە چەندین جار رایانگەیاندووە، هەشت مانگ لە هێرشە ئاسمانییەکان توانای ئێرانی لەناوبردووە بۆ هەڕەشەکردن لە بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و هاوپەیمانەکانی واشنتۆن.
ترەمپ بەردەوام بانگشەی ئەوە دەكات سوپای ئێران بەتەواوی لەناوچووە، لە کاتێکدا پیت هێگسێس وەزیری بەرگری ئەمریکا لە وتارێکدا لە 30ی ئەیلول رایگەیاند، ئەمریکا توانای سەربازی و پیشەسازی” ئێران و تەواوی بنکەی بەرگریی لەناوبردووە.




