
ئەمریکا بۆ بەغداد:
درۆن و موشەكی میليشیاكان دانەماڵن ئیسرائیل هێرش دەكاتە سەریان
باسک نێت
رۆژنامەی “العربی الجدید”:
چوار سەرچاوەی ئەمنی و سیاسی نزیک لە حکومەتی عێراق، ئاشکرایان کردووە: بەم دواییانە پەیامی ئەمریکی گەیەندراوە بە بەغدادو داوایان كردووە، چەکە جۆرییەكانی گروپە چەكدارەكانی سەربە حەشدی شەعبی دابماڵێت، كە خۆی لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکی مەودا مامناوەند دەبینێتەوە، بە پێچەوانەوە لەناوبردنیان بە هێرشی ئاسمانی لەبەردەستدایە.
ئەم زانیاریانە پێچەوانەی ئەو ڕاپۆرتانەیە كە پێشتر بڵاوبونەتەوەو باسیان لە فشارەکانی ئەمریکا كردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەکدارەکانی عێراق کە هاوپەیمانی ئێرانن یان تێکەڵکردنیان بە سوپا، ئەوەش لەچوارچێوەی ئەو دەستەواژەیەی كە ناسراوە، بە كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت.
نزیکەی (10) گروپی چەکداری عێراق خاوەنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانن، کە مەودای فڕینیان دەگاتە سەدان کیلۆمەترو، چەند لایەنێک بەکاریان هێناوە بۆ هێرشکردنە سەر پێگەكانی ئیسرائیل، كە دیارترینیان، بەندەری ئیلات و حەیفاو بەرزاییەکانی جۆلانە، هەروەها بنکەکانی ئەمریکایان له رۆژهەڵاتی سوریا کردووەته ئامانج، له چوارچێوەی بەرەی پشتیوانی که لەلایەن ئەم گروپانەوە دژی ئیسرائیل راگەیەندرا، وێرای موشەکی کروزی جۆری “ئەرقەب” كە ئەم گروپانە بەرپرسیارێتی بەکارهێنانیان لە ئۆپەراسیۆنە هاوشێوەکانی بۆردومانکردندا راگەیاندووە.
دیارترینی ئەو گروپە عێراقییانە بریتین لە: كەتائبیی حیزبوڵا، نوجەبا، لیواکانی ئیمام عەلی، كەتائبیی سەید شوهادا، ئەلبودەلا، ئەنساروڵای ئەوفیا، عەسائیبی ئەهلی حەق، ئەم گروپانە لەم دواییانەدا بەرەی مقاوەمەی ئیسلامییان پێكهێنا، لە بەیاننامەیەکدا جەختیانكردەوە كە هەڵوێستەکەیان نوێنەرایەتی حەشدی شەعبی ناكات، لە هەوڵێکدا بۆ دورخستنەوەی ئەم دەستەیە لە كردەوەكانیان لە دەرەوەی عێراق، كە بووەتە چەتری كۆكەرەوەی زیاتر لە (٧٠) گروپی چەكدار.
بەرپرسێکی باڵای ئەمنی عێراق، وتویەتی: ئەمریکییەکان چەندین شێوازی فشار لەم بارەیەوە بەکاردەهێنن، لەوانە، ئیسرائیل هێرش دەكاتە سەر شوێنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکەكان ئەگەر لەناونەبرێن یان هەڵوەشێنرێنەوەو واشنتۆن ناتوانێت بەردەوام بێت لە رێگریکردن لە ئەنجامدانی هەڕەشەکانی لە ناو خاکی عێراق.
ئەو بەرپرسەی عێراق، پرسی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەک لە جبەخانەی گروپە عێراقییەکان بە ئەولەویەتی ئەمریکییەکان وەسف كردووەو، کە وەک هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر بنکەکانیان لە ناوچەکە سەیریان دەکەن.
ئەمریكا هەندێك داواكاری تریشی هەیە، لەوانە کۆتاییهێنان بە کارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرهەمهێنانی سەربازیی سەر بە حەشدی شەعبی، کە بە شێوەیەکی کاریگەر لەلایەن چەند گروپێكى چالاک لە گۆڕەپانی عێراق کۆنترۆڵکراوەو هەموویان هاوپەیمانی ئێرانن.
هەروەها کۆتاییهێنان بە کۆنتڕۆڵکردنی چەند ناوچەیەک و رێگریکردن لە گەڕانەوەی دانیشتوانیان لەلایەن ئەو گروپانەوە و خستنەوە ژێر سەروەری دەوڵەتی ئەو ناوچانە، وەک جورف سەخر، عوەیسات، عۆجە و ناوچەكانی تر.




