
كۆمپانیای دانا گازی ئیماراتی کارکردنی لە سنوری چەمچەماڵ فراوانتر دەکات
باسک نێت
لە دوای واژوو كردنی گرێبەستێكی نێوان هەر یەك لە حكومەتی عێراق و كۆمپانیای بریتش پتریلیۆم، كۆمپانیای دانا گازی ئیماراتی دەستیكرد بە كاركردن لە كێڵگەی غازی چەمچەماڵ.
بەپێی زانیارییەكان، تیمێکی تایبەتی کۆمپانیای داناگاز ڕۆژی سێشەمە، ۱٤ی ۱ سەردانی کێڵگەی غازی چەمچەماڵیان كردووەو پلانی لێدانی سێ بیری نوێ و دەستکردن بەکارکردن لە کێڵگەی غازی چەمچەماڵیان خستووەتەگەڕ.
تیمەکەی داناگاز سەردانی سنوری گوندەکانی توڕکە و کانی کوچەڵە و قورەتە لە سنوری قەزای چەمچەماڵیان كردووە. بەمەبەستی لێدانی سێ بیری غاز تا ژمارەی بیرەکانی کێڵگەی چەمچەماڵ بگاتە شەش بیر.
کۆمپانیا ئیماراتیەکە پلانی هەیە بیری ژمارە چوار لەگوندی کانی کوچەڵە و بیرەکانی ژمارە پێنج و شەش لە گوندی قورەتە لێبدات.
پێشتر کۆمپانیاکە لە ساڵی ۲۰۱٨ سێ بیری لە گوندی توڕکە لێداوە. پلان هەیە هاوشێوەی کۆرمۆر کار لەکێڵگەی غازی چەمچەماڵ بکرێت. گەیشتنی تیمەکەی داناگاز بۆ سەر کێڵگەی غازی چەمچەماڵ لە هەمان ڕۆژدا بوو کە محەمەد شیاع سودانی گرێبەستێکی لەبواری نەوت و غاز لەگەڵ کۆمپانیای بریتش پتڕۆلیۆمی بەریتانی واژۆکرد بەمەبەستی پەرەپێدانی کێڵگە نەوتی و غازییەکانی کەرکوک.