
ڕوانگەی (ئیكۆ عێراق)، ئاشكرای كردووە كە زیانە داراییەكان بەهۆی هێرشكردنە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە زیاتر لە حەوت ملیۆن و 400 هەزار دۆلار لە ڕۆژێكدا.
ڕوانگەكە، لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوە كردووە: ”زیانی ڕۆژانەی وەستانی كێڵگەی كۆرمۆر لە بەرهەمهێنانی سێ جۆرەكەی غاز، زیاتر لە حەوت ملیۆن و 400 هەزار دۆلارە، چونكە پێش هێرشەكە، كێڵگەكە ڕۆژانە ٥٣٠ ملیۆن پێ سێجا غازی سروشتیی بەرهەم دەهێنا.
ئاماژەبەوەشكراوە، كێڵگەكە ڕۆژانە هەزار و 580 تۆن غازی LPG بەرهەم دەهێنێت و نرخی یەك تۆن ٥٠٠ دۆلارە، هاوكات كێڵگەی كۆرمۆر نزیكەی ٢٢ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا غازی چڕ كراوە (Gas Condensate) بەرهەم دەهێنێت و نرخی یەك بەرمیل ٦٠ دۆلارە.
ڕوانگەی ئیكۆ عێراق ئەوەشی ڕوونكردووەتەوە، ئەم زیانانە، زیانی وەستان بۆ كرێی كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكان، تێچووی هێڵەكانی گواستنەوە و كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا ناگرێتەوە.




