
بهگوێرهى ئەو بەڵگانەی پێگەی “مەرصەد“ی عێراقی لەدۆسیەیەکی دادگای باڵای شاهانەی بەریتانیا لە25ی حوزەیرانی 2024 وەریگرتوە، وەزیرێکی عێراقی لەبەریتانیا لەدۆسیەی سپیکردنەوەی پارە لەو وڵاتە تێوەگلاوە کە بریتییە لەکڕینی چەندین موڵکو خانوبەرە وەک هۆتێلو خانوو بەبەهای 120 ملیۆن دۆلار.
باسک نێت
پێگە مهرسهد بڵاویكردوهتهوه، ناوەڕۆکی سکڵاکە پەیوەندیی بەلێکۆڵینەوە لەدۆسیەی سپیکردنەوەی پارە هەیە کە وەزیرێکی عێراقی تێوەگلاوە، بەشێوەیەک ئەو وەزیرە چەندین موڵکی لەلەندەن کڕیوە، لەوانە کۆشکو هۆتێل، بەبەهای 120 ملیۆن دۆلار لەڕێگەی پارێزەرە بەریتانییەکەیەوە، جۆرج فەهیم سەعید.
پێگەکە دەڵێت، “دەسەڵاتی ڕێکخستنی پارێزەران لەبەریتانیا (SRA) دۆسیەکەی دژی سەعیدی پارێزەر بەتۆمەتی هەڵسوکەوتی نادروستی پیشەیی لەبەڕێوەبردنی مەترسییەکانی سپیکردنەوەی پارەدا بەرزکردوهتەوە، کە تیشکی خستوهتەسەر مامەڵەکانی لەگەڵ خێزانی وەزیرە عێراقییەکە”.
دۆسیەکە وردەکارییەکانی تێوەگلانی وەزیرەکەو ئەندامانی خێزانەکەی لەخۆدەگرێت، هەروەها گرێبەستی گەورەی خانوبەرە کە لەنێوان ساڵانی 2011 بۆ 2019 لەلەندەن ئەنجامدراون، کە بریتین لەکڕینی هۆتێلێک بەبەهای 27 ملیۆن پاوەندو خانویەک بەبەهای 8.9 ملیۆن پاوەند.
سەعید کە وەک ڕاوێژکاری یاسایی بۆ ئەو خێزانە کاریکردوە، سەرپەرشتی 14 مامەڵەی خانوبەرەی کردوە، کڕینەکانیش لەچەندین سەرچاوەوە پارەیان بۆ دابینکراوە، لەوانە گواستنەوە لەدوبەیو فرۆشتنی خانوبەرە لەعێراق.
دادگا باسی لەپرسی ئاشکرانەکردنی ناوی وەزیرەکانو ناونیشانی خانوبەرەکان کرد بۆ پاراستنیان لەئیستغلالکردنی سیاسییو میدیایی.




