نوسەران

ھەڵەبجە ھەر شار نییە، بودجەی چی!

ھەڵەبجە ھەر شار نییە، بودجەی چی!

ھەڵەبجە ھەر بودجەی نییە تا كەمكرابێتەوە، ئەگەر ھەیەتی كوا، ئەگەریش كەم بۆتەوە، زۆر بێ یان كەم چی لە مەسەلەی ھەڵەبجە دەگۆڕێت.

ھەڵەبجە ھەر پارێزگا نییە تا وەك پارێزگا ھەژماری بۆ بكەن، ئەگەر پارێزگایە كامەیە مقەومات و بنەما و پایەكانی پارێزگابوونی، تازەترین ئاماژەی پارێزگانەبوونی، ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بوو كە وەك بازنەیەك لەسەر سلێمانی حسابی بۆ كرا.

ھەڵەبجە نە خاوەنی ھەیە نە دڵسۆز، ئێستاش دەڵێی ناوچەی موحەڕەمەیە، دەیان بینا و پڕۆژەی بە ھەیكەل و نیوەناچڵ جێھێڵراوە، نە سەرخانی ھەیە و نە ژێرخان.

ھەڵەبجە بودجەی بۆچییە كە دامەزراوەیەك و دەستەیەكی حكومڕان و بەڕێوەبەری ڕەشید و زۆر دڵسۆزی نەبێت، سەعات دوانزەی شەو بێت یەك دەرمانخانە نابینیت حەبێكی پاراسیتۆڵ بكڕیت، ھەر شەو داھات یەك بەنزینخانە شك نابەیت لیترێك بەنزین بكەیتە سەیارەكەت، ئێوارە داھات یەك چێشتخانە بە كراوەیی نابینیت، تەوارییەكی گچكەی ھەیە، دوو دكتۆری لێنابینیت و نەخۆشێكت ھەبێت دەبێت بە پەلە بیفڕێنیت بۆ سلێمانی.

ئەنجومەنی بەناو پارێزگاكەی ھێشتا دانەمەزراوە، پارێزگاكەی ھێشتا لە بینای خۆیدا نییە، سەدان دۆنم زەوی دراوە بە خەڵك و ھیچی دیار نییە، یەك تاقە یەكەی نیشتەجێبوونی تێدا نییە دوو كرێچیی داماو بڕۆنە ناوی، شەقامی، پاركی، بازاڕی، قوتابخانەی، دائیرەی، ھەر ھەمووی ئەڵێی كەوێڵ و خانەباخی حەفتاكانە و بەر ڕێژنەی تاپڕ دراون.

باسی چی دەكەن، ئەم شارە كەی ئاوڕی لێدراوەتەوە تائێستا شینی بودجەی بۆ دەكەن، كەی ھەر حسابی بۆكراوە تائێستا باسی كەمكردنەوەی بودجەی دەكەن، سی و سێ ساڵە كاول بووە ئەمڕۆ ڕێك ئەڵێی ئەو كاتەیە، مەگەر خوا خۆیشی بزانێت لە دەورانی ئەم حكومڕانییە كوردییەدا لە لایەن حیزب و حكومەت و بەرپرسانەوە، چەند گوژمەی لەسەر وەرگیراوە و ھەر دیارییش نییە.

ھەڵەبجەتان والێكردووە شەرم دەمانگرێت بڵێین ئەسڵەن ھەر شارە، وەڵا نەك پارێزگا، ھەر شاریش نییە، شار بەو مانا قوڵەی كە دەبێت ھەموو شتێكی ھەبێت بە نموونە عەیادەیەكی شەوانەڕۆژی!!

ئاری عەبدولەتیف
لە قەزای كاولی ھەڵەبجەوە
٢٠٢١/١١/١٠ 

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close