نەزیفی میدیای كوردی ڕابگرن
Stop Kurdish Media bleedings
ئاری عەبدولەتیف
سەرباری تێپەڕینی ١٢٢ ساڵ بەسەر یەكەم ئەزموونی ڕۆژنامەگەریی كوردی و دەرچواندنی یەكەم ڕۆژنامە بە ناوی كوردستان لە ساڵی ١٨٩٨ لە لایەن بنەماڵەی بەدرخانییەكانەوە لە میسر و بەسەربردنی چەندین قۆناغی جیاواز و دەسەڵات و حوكم و دەورانی سیاسیی و كۆمەڵایەتیی لە ھەرێمی كوردستان، تا دەگات بە ئازادی بەھاری ١٩٩١ و بە ھەرێمبوونی باشور و دامەزراندنی پەرلەمان و حكومەت و سەرھەڵدان و گەشەی تەكنەلۆژیا و ھاتنی گڵۆباڵمیدیا و گەشەی بەریەككەوتن و كۆمنیكەیشن و تۆڕە جاڵجاڵۆكەییەكان، لەگەڵ ئەو ھەموو پێشكەوتن و كرانەوەیەی ھەرێم و خەڵكی كوردستان بە ڕووی جیھان و بەركەوتەیان لەگەڵ ماسمیدیا و سۆشیالمێدیا، تا دەرچواندنی پێنج پڕۆژەیاسا لە بارەی میدیاوە لە پەرلەمان وەك یاسای چاپەمەنی ھەرێمی كوردستانی عێراق ـ ژمارە ١٠ ی ساڵی ١٩٩٣ و یاسای سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستانی عێراق ـ ژمارە ٤ ی ساڵی ١٩٩٨ و یاسای بڵاوكردنەوە لە ڕۆژنامەی ڕەسمییدا / وەقایعی كوردستان ـ ژمارە ٤ ی ساڵی ١٩٩٩ و یاسای سندوقی خانەنشینی ڕۆژنامەوانی كوردستانی عێراق ـ ژمارە ١٣ ی ساڵی ٢٠٠١ و یاسای ڕۆژنامەگەریی لە ھەرێمی كوردستان ـ ژمارە ٣٥ ی ساڵی ٢٠٠٧ و پاش سەدان كۆنفرانس و پێڕەو و پەیماننامەی شەرەفی ڕۆژنامەنووسیی و دیداری ھەرێمیی و نێودەوڵەتیی، كەچی ئەمڕۆ كوردستان بە خراپترین قۆناغی میدیایی و پرسی ڕاگەیاندندا تێدەپەڕێت و بە خۆیەوە ژیان و پەیوەندییەكان و كۆی بنەما سیاسیی و پەروەردەیی و كۆمەڵایەتییەكانی تێكداوە.
ناشاردرێتەوە ئەم ئازادییە لە میدیا و ئەم پێشڤەچوونەی كاری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەریی و ئەم گەشەسەندنە لە خێراگەیاندن و بەدەستھێنانەی زانیاریی و كۆی ئەم ماسمیدیا بەربڵاوە، جێگەی دڵخۆشییە و بەرھەمی ڕابردووی زێڕینی كاروانچیانی وشە و زمانی كوردییە، لە سێبەری ئەزموونی حوكمی خۆیی كورددا، كە ئەم بابەتە جیاوازە و قسە ھەڵناگرێت، بەڵام ئەوەی گرنگە بوترێت ئەوەیە كە ئەمڕۆ ئیتر پێویستە و ئەركە پەنجە بخەینە سەر برینی ئاشكرا و نھێنیی كۆمەڵگە و ئەو ڕەوشە پاسیڤەی كە بەرەڵایی میدیا و ئامڕازەكانی ڕاگەیاندن دروستیان كردووە.
ئێستا لە كوردستان دەیان و سەدان جۆری میدیا و ئامڕازی ڕاگەیاندن كار دەكەن، لەوانە: (میدیای حیزب و كەرتی ئەھلی و بازرگانی و بزنس و میدیا جیاوازەكانی فكر و فەرھەنگ و ئایدیۆلۆژیا و مەدرەسە ئاینیی و سیاسیی و مەزھەبییەكان)، ئەوانیش لە رێی ماسمیدیا و سۆشیالمیدیا و نیومیدیا، كە ھەر یەكەیان بە بەرنامە و میتۆد و ئاڕاستە و ڕایەڵەی خودیی و بە ئالیەت و میكانیزم و گوتار و ستایلی جیاواز و سەرنجڕاكێش، تۆپیان خستۆتە مەیدانی كۆمەڵگە و تاك و خێزان و خەڵك و شەقامیان بە ئامانج گرتووە، بێ گوێدان بە پرەنسیپی ئەخلاقیی و میساقی شەرەفی ڕۆژنامەنووسی و پاراستنی بنەماكانی ئیتیك و پیشەی ڕۆژنامەگەریی.
ئەم ڕەوشە قێزەونەی ئەمڕۆی میدیا، ھیچ ھێزێك ناتوانێت ڕایبگرێت، بەشێكی زۆریان بوونەتە میدیای زەرد (yellow media) و تەخوین و یەكتر شكاندن و ئانارشیست، بە زمانی سەیر و زبر، ھەندێك جار بە زمانی گاڵتەجاڕیی و جوێن، تا دەگات بە ھەڵتەكاندن و بە كۆمیدیاكردنی ھەموو پیرۆزیی و بەھا باڵاكان و بەتاڵكردنەوەی كۆمەڵگە لە مۆڕاڵ (moral) و وردوخاشكردنی زیھن و دەرونی تاك.
ئەم دیاردەیە كە لە لوتكەی خۆیدایە، ئامانجە، ئیتر ھەژموونی دەرەكی و ئەنتی كورد بیكات یان ھەیمەنەی نێوخۆیی و حیزب و دەسەڵات و كەسایەتیی و دامەزراوە، ئەویش بە تەدریجیی و پێھەنگاوی نەرم، بەڵام ئەوەی پەیوەستە بە نەزیفی میدیا و ئاڕاستە نائاكاریی و بەدڕەوشتیی و بەلاڕێدابردنەكانە، حیزب و فیكری ھاوردە پێی ھەڵدەستێت، كە بە سامانی گشتیی و لەسەر داھاتی نەتەوە، دەیان كەناڵی ئاسمانیی و دامەزراوەی میدیایی و دیجیتاڵیی داناوە و وەك حووت پارە دەكات بە دەمی خۆی و میدیاوانەكانیدا، سەرباری سەپۆرت (support) و پشتگیریكردنی سەدان پێگە و سایت و پەیج و ئەكاونتی ساختە و فەیك (fake)، كە چركە بە چركە لە پێناو ئامانجەكانیدا، ژینگەی كۆمەڵایەتیی و شەقام سیخناخ دەكات بە پرۆگرامەكانی.
كۆی ئەم وەحشەتنامە و ھەوڵ و ھەنگاوە ئاژاوەگێڕیی و ئانارشیزمەش، جێبەجێنەكردنی یاساكانی كاری ڕۆژنامەگەرییە، كە پەرلەمان لە چوار دەورەی ڕابردویدا دەری چواندوون، لەگەڵ پێشێلكردنی خاڵەكانی پەیماننامەی شەرەفی ڕۆژنامەنووسی و وەلانانی ئیتیك و ئاكارەكان، بە تایبەت ئیتیكی پیشەی ڕۆژنامەگەریی، ھەم لە لایەن دامەزراوە میدیاییەكانەوە ھەمیش لە لایەن خودی ڕۆژنامەنووسەوە، كە بەربەست و فاكتەرێك نییە ڕێگرییان لێ بكات جگە لە سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان وەك ڕێكخراوێكی فەرمیی و یاسایی، كە ئەمیش ھەر ئەوەندەی پێدەكرێت كە لە ڕابردووی دەورانی سێ كۆنگرەی خۆیدا و بە دەیان ساڵ كاركردن لە ڕێكخستن و پاڵپشتی پیشەی ڕۆژنامەگەریی، بە ۆركشۆپ و دیدار و ھەوڵ و فشار و بەیاننامە و كارە مەیدانییەكانی لەگەڵ حكومەت و دامەزراوە و ڕۆژنامەنووسان پێی ھەستاوە، كە دیسان سەندیكاش نەیتوانیوە سەركەوتوو بێت و دەسەڵاتی بە تەندروستكردنی دۆخەكەی نەبووە.
نەبوونی ئیتیك (Ethic) یان دەستبەردان لە بنەما و پرەنسیپەكانی، ئەم كۆئاریشانە بەرھەم دەھێنێت كە دەبینین، لە لێدان لە پیرۆزییە ئاینییەكانەوە بگرە تا نەھێشتنی ئینتیما بۆ خاك و نەتەوە و ئەزموونی كوردیی و لە پەلوپۆخستنی شیرازەی خێزان و سەرگەردانكردن و بەنجكردنی تاك و نەوە و نەھێشتنی ھیچ جۆرە بەھا و ڕێز و كەرامەتێكی مرۆیی و بێحورمەتیكردن بە سەركردە و كەسایەتییە مێژووییەكان و خودی كورد وەك نەتەوە و سەروەریی و بانگەشە بۆ بێ ئاینیی و بێ ئابڕویی و تەماگرتن بۆ دووبارە ھێنانەوەی دوژمنانی سەردەستە و نەیاران، كە ھەر ھەموویان بە بەرنامە یان بە مەزاج و ھەوای ئارەزوو، لە ڕێی میدیا و سۆشیالمیدیاوە جێبەجێی دەكەن و تا ئاستێكی زۆر باشیش مۆفەق بوون.
دەبێت ئەم نەزیف و خوێنبەربوونە ڕابگیرێت، دەبێت میدیا بڕواتەوە سەر سكەی یاسایی و پیشەیی و ئاكاریی خۆی، ڕۆژنامەنووس ئەركە، بەڵێننامەی شەرەفی ڕۆژنامەنووسی بە كردەیی و نوسراو واژۆ بكات، دامەزراوە میدیاییەكان لەژێر فەرمانی یاسا و پێڕەوە میدیاییەكان دەرنەچن، دەستبەجێ ئەو ئەنجومەنە نیشتیمانییە میدیاییە دابمەزرێت كە دەبێتە چەتر و كۆكەرەوەی وزە و پیشە و ئاڕاستەی كاری ڕۆژنامەگەریی، كە لە بەرواری ٢٠١٩/١٢/١٦ لە لایەن سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستانەوە لە دوو ڕۆژدا لە ھەولێر بە دیدارێكی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەنووسی داوای پێكھێنانی كرد، كە خۆی دەبینێتەوە لە بە یاساكردنی ھەریەك لە پڕۆژەیاسای ئەنجومەنی باڵای میدیا بۆ ڕێكخستنی بواری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەریی و پڕۆژەیاسای دامەزراوەی میدیایی بینراو و بیستراو و سۆشیالمیدیا لە ھەرێمی كوردستان.
بێ سازش و تووكنەرمیی، دەبێت ھەر سێ دامەزراوەی باڵای ھەرێم (سەرۆكایەتیی ھەرێم ـ سەرۆكایەتیی پەرلەمان ـ سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران)، دوور لە كاتكوشتن و بە میكانیزمێكی گونجاوی واقیعیی و لەسەر بنەمای یاسا بەركارەكان و ھەر پڕۆژەیاسا و پڕۆژەپێشنیازێكی تر، بە دروستكردنی لیژنەی خێرا و ژووری ئامادە، دەست بكەن بە چاودێریی ورد و لە تەتەڵەدانی دامەزراوە میدیاییەكان و ڕێكخستنی ئەم پیشەیە و كۆنتڕۆڵكردنی سۆشیالمیدیا، لەگەڵ ڕەچاوكردن و پاراستنی ئازادیی بیر و بیروڕا (حرية الراى ـ حریة التعبير) و ئازادییە تاكەكەسییەكان و مافەكانی مرۆڤ.
پێویستە ئەو لیژنەیە لە خوبەرا و پسپۆڕان و خاوەن ئەزموون پێك بێت كە نە بڕوایان بە كورتھێنان ھەبێت نە بە زیادەڕەویی (افراط و تفريط) و لەسەر پرەنسیپی ئاسایشی مرۆیی و پاراستنی ترادسیۆن و كەلتور و گەشەی كۆمەڵگەیی و پەڕوەردەكاریی تەندروست و بەھای ستاندارد و كاری پیشەیی (العمل المهنية)، نەخشەڕێگای دەربازبوون لەم بێسەروبەریی و نغرۆبوونە دابڕێژن و بڕیار بدەن و ئەنجومەنی شورای ھەرێم و ھەر سێ سەرۆكایەتییەكەش بیخەنە بواری جێبەجێنەكردنەوە.
ئەم پرسەش دەبێت تەواوی میدیا بگرێتەوە بە حیزبی و ئەھلی و خەڵكەوە، بێ گوێدان بە ھەر بەربەست و نكۆڵیكردن و پەلەقاژەیەك بە ھەر ناوێكەوە بێت، لەم بارەشدا ئەوەی زۆر گرنگە دەست بخرێتە ھەناوی، بابەتی ئاشكراكردنی سەرچاوەی داھات و تەمویلە و ڕێگریكردنی ھەر بەھەدەردان و كێشانەوەیەكی سامانی گشتییە لە ڕێی حیزبەوە بۆ میدیا و شەنوكەوكردنی گوتار و بەرنامە و پڕۆگرامەكانە بە ئاڕاستەی چاكەی گشتیی و سەلامەتی تاك و خێزانی كورد، لە بواری ئەنتەرنێت و سایتە ئەلكترۆنییەكان و سۆشیالمیدیاش بە ھەموو بەشەكانی وەك: (فەیسبوك ـ تویتەر ـ ئینستاگرام ـ تیكتۆك ـ سناپ چات ـ تانگۆ … تد) و بەرقەراركردنی یاسا بە سزا بۆ بەكارھێنەرانیان لە دۆخی ناتەندروست، كە ئەم دونیا خراپ و كۆڵەوار و داماڵڕاوە لە مرۆڤسازیی و خۆشژیانییەی دروستكردووە، وەك: (ناوزڕاندن و ھەڵمەتی ناشرینكردنی ئاین و پیرۆزییەكانی كۆمەڵگە و پێشێلكردنی ماف و ئازادییەكان و ھەڵتەكاندنی بنەما ئاكارییەكان و ڕوخاندنی دەروونی تاك و شێواندنی ڕای گشتی (Public opinion) و مومارەسە بەدكارییەكان و … تد).
ھەمواركردنەوەی یاسای ژمارە ٣٥ ی ساڵی ٢٠٠٧ كە تایبەتە بە یاسای ڕۆژنامەگەریی لە ھەرێمی كوردستان و بۆ قۆناغەكانی ڕابردوو بە تایبەت پاش بەھاری ساڵی ١٩٩١ و پاش ئازادی عێراق ساڵی ٢٠٠٣ گرنگایەتیی گەورەی ھەبووە، بەڵام پاش ئەو بەروارانە و بە تایبەت ساڵانی گەشەی تەكنەلۆژیا و نیومیدیا (new media) لە ساڵی ٢٠١٠ بەو لاوە، پێویستە پەرلەمانی كوردستان ئەم یاسایە، بە گونجان لەگەڵ دنیای ئەمڕۆدا ھەموار بكاتەوە، كە بریتییە لە (٨) ماددە لە (٥) بەشدا، كە ئەمەش دەكرێت سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان بە ھەماھەنگیی لەگەڵ لیژنەی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی پەرلەمان و بە وردبینی و بەشداریی پسپۆڕان و خاوەن ئەزموونانی بواری میدیا، تاوتوێ بكرێتەوە و دیسانەوە خوێندنەوەی بۆ بكرێتەوە لە پەرلەمان و بڕیاری كۆتایی لەسەر بدرێت.
ئەم دۆخەی ئێستای میدیای كوردی، لە كاتێكدایە كە جیھان و ناوچەكەش بە ئازار و ململانێی سەختدا تێدەپەڕێت و شەڕی میدیایی بلۆك و زلھێزان لە قۆناغی گەرمدایە، بێ گومان ھەرێمیش بەدەر نییە لەم یارییە و بەتایبەت لەگەڵ عێراق و حكومەتی ناوەند، كە دەبێت كورد لەم ڕێڕەوەدا، خاوەن میدیایەكی تەندروست و بەھێز بێت و ھۆی بەرپەرچدانەوەیەكی عەقڵانیی و نیشتیمانیی بێت بۆ دەرەوە و لە ناوخۆشدا، ھاوسەنگ و خاوەن گوتاری مەعنەویی و مرۆیی بێت، ئەمە جگە لەوەی دنیا چاوی لەسەر ئەم ھەرێمەیە و بەردەوام چاودێریی دەكرێت و ڕێكخراوێكی جیھانییش وەك فدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەنووسان (IFJ)، كە سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان تێیدا ئەندامە، بەردەوام چاوێكی لەسەر ڕەوشی میدیایە لە ھەرێمی كوردستان، جگە لە چەندین ڕێكخراوی تری جیھانی، وەك ڕێكخراوی پەیامنێرانی بێسنوور و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و چاودێریی مرۆیی و میدیایی.
ئەوەی ماوەتەوە بڵێین ئەوەیە كە میدیا چەند سودبەخشە بۆ كۆمەڵگەیەكی بێ دەوڵاتی وەك كورد و لە پێناو گەشەی مرۆیی و دەوڵەمەندبوونی عەقڵانییەت و دیوی ئەبستمۆلۆژیا و مەعریفەی گشتیی، ھێندەش ترسناكە بۆ لەناوچوون و لەباربردنی سامان و دەستكەوتی مرۆیی و ئاكاریی، ترسناكە بە بەڵگەی ھێنانەكایەی سەدان حاڵەتی خۆكوژیی و ئاژاوەگێڕیی و ھیچوپوچكردنی بنەما ئەخلاقییەكان و لەدەستچوونی خۆشییەكانی ژیان بە مانا سادەكەی.
ئەگەر بەر بەم نەزیفە نەگیرێت، دۆخێك لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا دێتە پێش كە كورد وتەنی بە كەوش و كڵاشی خۆماندا ڕاناگەین، نەوەیەك دروست دەبێت یان ئێستا نیشانەكانی دەركەوتوون كە بڕوایان بە ھیچ پیرۆزیی و كەرامەتێك نییە و ئەوەی ویستییان بێت بێ سڵكردنەوە ئەیڵێن و ئەینووسن، ئەوكات ھیچ شتێك داد نادات و دەبێت دۆش دامێنین بەدیار ڕسوابوونێكی مێژووییەوە.
بۆ بەرچاوی
ـ سەرۆكایەتی ھەرێم
ـ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران
ـ سەرۆكایەتی پەرلەمان
ـ ئەنجومەنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسان
ـ ڕای گشتی و لایەنانی پەیوەندیدار
خەرمانانی ٢٠٢٠
لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە