نوسەران

دۆخی تەنگژەو تەنگانە وەرزی وەرچەرخانە

عوسمان حمەکریم زەڵمی

دۆخی تەنگژەو تەنگانە وەرزی وەرچەرخانە

عوسمان حمەکریم زەڵمی

    ژیان دیوە ئەرێنییەکەی زاڵەو مرۆڤ لەگەڵیدا ڕاھاتووە، ئەمەش لە چاکەو بەخششی خوایەو ئەوەی نکولی لێ بکات یاری بە ئاوەزی خۆی کردووە ، گەر لەلاێکی دیکەوە بڕوانین دەبینین ئادەمیزادە قەت نەی توانیوە لە ژیانیدا نیعمەت و چاکەی خاوەنی ئەژمار بکات، (وَإِن تَعُدُّوا نِعْمَةَ اللَّهِ لَا تُحْصُوهَا) ، لەگەڵ ئەوەشدا بە ھۆی ڕاھاتن و سەرگەرمی لەگەڵ دۆخە ئەرێنیە باوەکە ، زۆربەی جار ئاسان دەکەوێتە ھەڵەوەو بەزانین و مەبەست یا بەنەزانی و دوور لە قەست یاری بەھۆش و ژیری خۆی دەکات و چاکە و نیعمەت لە غەیری ڕێ و جێ و شتی ڕەوای خۆیدا، بەکار دەھێنێ، ھەربۆیە خاوەنی ژیان دۆخی تەنگژەو تەنگانە بۆ مرۆڤ پێش دێنێ (بەھۆی ھەڵەکاری خودی خۆیەوە)، گەرچی تیایدا تەڕو وشک پێکەوە توشی ئاڵنگاری دەبن، بەڵام بەرزی و بایەخی ئامانجەکە ئەوە دەخوازێ .

    ئەم دۆخەی جیھان تێی کەوتووە گەواھی دەری ئەو ڕاستییە ، گەر بەراوردێکی سەرپێیی بکەین لە نێوان دۆخی ئاسایی و ئەم بارە ئاڵۆزکاوەدا ، ھیچ شتێک لەجێی ئاسایی خۆی نەماوە ، ژیان بە جۆرێ وەستاوە ، خەمی گەورە خۆپارێزە بۆ مانەوە ، ھەڕەشەی تووش بوون و تیاچوون زاڵەو لەسەری کاژێرەکان ھەواڵی مەرگ لە ھەڵکشاندایە ، زۆرێک لە خەیالڕ پڵاوی خۆیاندا شت بوون ، ئێستا ھانا بۆ ئەوە دەبەن کە فەرامۆشیان کردبوو ، لە ھەمووی سەیرتر ، ئەوەی بووەتە ھۆی ئاڵۆزکردن و شڵەقاندنی ئەم بارو دۆخە ، ڤایرۆسێکی وردیلەی نادیارە !! کەچی تا ھەنوکە حەلیمانی سەرزەوی لێی حەیرانن .

    ئەوەی ھەقە گشتمان لەسەری ھەڵوێستە بکەین ، بەھەندگرتن و دروست خوێندنەوەیەتی لە ڕوانگەی قورئانی پڕخێرەوە ، چوون ڕێسای گەردوونی ڕێک و تەریبە لەگەڵ ئایاتی قورئانی مەزندا ، بە نمونە : ( ۆمَا بِکُمْ مِنْ نِعْمَەٍ فَمِنَ اللَّەِ/ النحل : ٥٣ )، ھەر چاکە و بەھرە و لێھاتن و نیعمەتێکتان ھەبێ ئەوە گشتی لە خواوەیە . وە ئەوانەش پێیان وابوو بە ھۆی ئازایەتی و زیرەکی و تواناو لێھاتنی خۆیانەوە دەسگیریان بووە ، خەمڵا بۆیان کەوا نیە ، نکولی کردنیش لادانە لە ئاوەز و کارکردنە بە حەز .

     ئەھلی ئاوەز ئەرکیانە لەسەر ئەم دۆخە ئاڵۆزکاو و تەنگژاویە ھەڵوێستە بکەن ، دانە دانەی لادان و خوار و چەوت وتن و کردنەی بووە ، بیدەنە بەر باڵەشەن و شەن و کەوی بکەنەوە ، لە (کارو ئەرکی دەماغەوە بۆ دڵ و زارو دەست ، لە بیرو بۆچوون و ئەندێشەوە بۆ وتن و ئاخاوتن و پلان و بڕیار و پەیمان و کارو کردار)، گشتی ئەمانە بدەنە بەر ڕۆشنایی قورئان و سەلیقەی ئاوەز .

     سەرنج بدەن، زمان یەکێکە لە باڵاترینی چاکەی خوایی بۆ بەندەکانی (عَلَّمَهُ الْبَيَانَ)، (وَلِسَانًا وَشَفَتَيْنِ)، پێزانین و سوپاسگوزاری لەسەری ، دروست بەکارھێنان و بەکاربردنیەتی لە چاکە و شتانی بەسوودا : (وَقُلْ لِعِبَادِي يَقُولُوا الَّتِي هِيَ أَحْسَنُ/ الاسراء: 53). (وَقُولُوا لِلنَّاسِ حُسْنًا)، (وَقُولُوا قَوْلًا سَدِيدًا). دەی خوارو لار چوون و ، چەوت و پوچەڵ بەکار ھێنانی چەندە ڕوونە.

    کەواتە لەبەرئەوەی مرۆڤین ئەھلی تەکلیف و بەرپرسیارین ، نە خۆبواردن دەرچەیە ، وە نە خۆدزینەوە چارەسەرە ، بگرە تا کات و دەرفەت لەبەردەستە دەبێ بکەوینە خۆو مەرج لەگەردن بئاڵێنین، (مەگەر وەختی نەھاتووە؟!)، خۆ دەمێکە خاوەنی پڕ مھرو سۆزو بەزەیی فەرموویەتی : (أَلَمْ يَأْنِ لِلَّذِينَ آمَنُوا أَن تَخْشَعَ قُلُوبُهُمْ لِذِكْرِ اللَّهِ وَمَا نَزَلَ مِنَ الْحَقِّ/ الحديد: ١٦)،  وە ئەم دۆخە تەنگژاوی و تەنگە بکەینە وەرزی وەرچەرخان ، لە باری لارو پوچەوە بۆ ڕاست و کاکڵەدار ، سەراپا ژیانمان بگۆڕین .  

     دڵیابین خوای موتەعال ھەرگیز ژیانی بەگاڵتەو گەپ نەگرتووە ، وە بێ مەبەست ئایاتی دانەبەزاندووە ، وەی بۆ کەسانێ ئاوا بیر دەکەنەوەو گوفتارو ڕەفتار ئەنوێنن: (قُلْ أَبِاللَّهِ وَآيَاتِهِ وَرَسُولِهِ كُنتُمْ تَسْتَهْزِئُونَ لَا تَعْتَذِرُوا * قَدْ كَفَرْتُم / التوبة / ٦٥).

عوسمان حمەکریم زەڵمی

 

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close