كەش و هەوا

وادەی شەپۆلێکی دیکەی بەهێزی بارانبارین راگەیەندرا

شارەزایەکی بواری کەشناسی هۆشداری لە گۆڕانکارییەکی خێرای کەشوهەوا دەدات و پێشبینی دەکات شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و هەورەبروسکە لە کۆتاییەکانی مانگی نیسان و سەرەتای مانگی ئایاردا ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە، بەجۆرێک کە ئەگەر هەیە بەنداوی دوکان سەرڕێژ ببێت.

هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی، شارەزای بواری کەشناسی ڕایگەیاند، لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە، بەدیاریکراوی لە ڕۆژانی (26 تا 30)ـی مانگی نیسان، شەپۆلێکی دیکەی بارانبارینی بەهاریی مامناوەند بۆ بەهێز تەواوی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، شەپۆلەکە بە دوو قۆناغ دەبێت و ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و دروستبوونی هەوری سوپەرسێڵی لێ دەکرێت، کە بە تاوەبارانی بەلێزمە، هەورەبروسکە و تەرزە یاوەر دەبێت.

 

سەبارەت بە کەشوهەوای مانگی داهاتووش، ئەو شارەزایە پێشبینی دەکات کە مانگی ئایار (مانگی پێنج) هاوشێوەی مانگی نیسان باراناوی بێت.

 

ڕوونیشی کردووەتەوە کە لە ئەنجامی یەکگرتنی دوو نزمەپاڵەپەستۆ، لە سەرەتای مانگەکەدا شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و کاریگەریی بەرچاوی لەسەر بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوەکان دەبێت، بەتایبەتی بەنداوی دوکان کە لە ئێستادا کەمتر لە پێنج مەتری ماوە بۆ ئەوەی بەتەواوی پڕ ببێت و بەهۆی ئەم شەپۆلانەوە ئەگەری سەرڕێژبوونی هەیە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close