كەش و هەوا

شەپۆلێکی تاوەبارانی بەخوڕ و هەورەبروسکەی بەهێز ناوچەکە دەگرێتەوە

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە کەشوهەوای هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی ناجێگیری دەبێتەوە و شەپۆلێکی تاوەبارانی بەخوڕ و هەورەبروسکەی بەهێز ناوچەکە دەگرێتەوە، کە زیاتر کاریگەرییەکەی لەسەر سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەبێت.

ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی رایگەیاند: ئەمڕۆ یەکشەممە کەشوهەوا جێگیر و ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما ٢ بۆ ٤ پلە بەرز دەبنەوە، بەڵام لە کاتەکانی ئێوارە و شەوی دووشەممەوە بەهۆی کاریگەریی نزمەپەستانی دەریای سوور، گۆڕانکاری لە کەشوهەوادا ڕوودەدات و سەرەتا لە ئیدارەی گەرمیان و دواتر لە سلێمانی، کەرکووک و هەڵەبجە تاوەبارانی بەخوڕ و هەورەبروسکە دەست پێدەکات.

ئەو شارەزایەی کەشناسی ئاماژەی بەوەش کرد، ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە پلەکانی گەرما دادەبەزن و کاریگەریی بارانبارینەکە بە ناوبەناو هەریەک لە هەولێر، دهۆک، ئیدارەکانی سۆران و ڕاپەڕینیش دەگرێتەوە، بەڵام چڕیی شەپۆلەکە و دابارین لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە زۆر بەهێزتر و دیارتر دەبێت.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close