كەش و هەوا
بارانبارین دەست پێ دەكاتەوە و هۆشداری دەدرێت

بارانبارین دەست پێ دەكاتەوە و هۆشداری دەدرێت
باسک نێت
ئاراس جەبار كەشناس دەڵێت، سبەی لەكاتەكانی دوای نیوەرۆوە بارانبارین دەست پێ دەكات سەرەتاش لە ناوچەكانی سنوری پارێزگای دهۆك و نەینەواو ناوچە سنوریەكانی نێوان سوریا و عێراق پاشان كاتەكانی ئێوارە و شەو بەگوێرەی كات سەرجەم ناوچەكانمان دەگرێتەوە و بە شێوەی بارانی مامناوەند و پچر پچر و هەندێك كات تاوە بارانی بەخوڕ و هەورە بروسكەش چالاك ئەبێت.
دەشڵێت، رۆژی یەكشەم بەتەواوی كاریگەری ئەو بارستە هەوا شێدارە داخڵی ناوچەكانمان دەبێت و ناجێگیریەكی بەهێز لەكەش و بەرگەهەوادا دروست دەبێت بەتایبەت لەنێوان كاتەكانی نیوەرۆی یەكشەم بۆ بۆ بەرەبەیانی دووشەم لەم مەودایە لەكاتی جیاوازدا لەسەرجەم ناوچەكانمان ئەگەری دروستبوونی هەورە بروسكەی توند و تاوە تەرزە و بارانی بەخوڕ دەبێت لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە چەم و دۆڵ نزماییەكاندا.
باس لەوەش دەكات، بەرەبەیانی دووشەم لەئەنجامی بەهێزی ئەو ناجێگیریە لەئاسمانی بەشێك ناوچەكان ئەگەری دروستبوونی هەوری زەبەلاحی سوپەرسێڵ ئەبێت كە ئەم جۆرە هەورانە بەتوندی باران و تەرزەیان لێئەبارێت و هەندێك جاریش تەرزەیان بەقەبارەی گەورە لێئەبارێت لەگەڵ دابەزینی تەوژمە بای بەهێز و دروستبوونی گێژەڵوكەی تۆرنادۆ لە بنەكەكەیانەوە كە ماوەیەكی كورت ئەخایەنێت و لەناوچەی دروستبووندا زیان و مەترسی لەسەر ئەو شوێنانە دروست ئەكەن كە تیایدا دروست ئەبێت.
روونی دەكاتەوە، بەگشتی لەسەرجەم ناوچەكانی سنوری پارێزگای هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە و دهۆك و ئیدارەی سۆران و گەرمیان لەو مەودایەدا پێشبینی بارانێكی زۆر ئەكرێت كە جاروبار تەرزە و هەورە بروسكەی زۆر بەهێز دروست ئەبێت و لافاوی لێدەكەوێتەوە




