ئەرشیفى بزووتنەوەبزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیعێراقكوردستان

ڕاپەڕین و بزووتنەوەی ئیسلامی هێزێکی سەرەکی بوو تێیدا ڕۆڵی گەورەو بەرچاوی هەبوو

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
ئەمڕۆ (٣٥) ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان لەدژی ڕژێمی دکتاتۆری بەعس، کە خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان بەپاڵپشتی هێزی پێشمەرگە بەڕووی دامودەزگاکانی بەعس ڕاپەڕین و بزووتنەوەی ئیسلامی هێزێکی سەرەکی بوو تێیدا ڕۆڵی گەورەو بەرچاوی هەبوو.

هەر لەیەکەم دەستپێکی چەخماخەی ڕاپەڕیندا تا ئازادکردنی تەواوی کوردستان، لەو پێناوەشدا ژمارەیەک لەسەرکردەو پێشمەرگەو جەنگاوەرەکانی کردە قوربانی لە پێناو ئیسلام و میللەتی کوردی موسوڵماندا.

ئەو ڕاپەڕینە مەزنە وەرچەرخانێکی مێژوویی گرنگ بوو، بزووتنەوەی ئیسلامیش شانازی دەکات کە بەبیرو هیزری ئیسلامیانەی خۆی کاریگەری گەورەی هەبوو لە داڕشتنی نەخشەی ڕاپەڕین بەهەماهەنگی لەگەڵ لایەنەکانی ناو بەرەی کوردستانی و پێشتریش وەک هێزێکی سەرەکی لەسەر ئاستی عیراق لەگۆڕەپانی خەباتی سەربازی دژ بە سوپای داگیرکەری ئەوکاتی عیراق و لەنێوەندە نێودەوڵەتیەکانیشدا سەرکردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو لەگەیاندنی زوڵم و ستەمی بەعس و مەزلومیەتی میللەتی کوردی موسوڵمان بە جیهان لەسەرووی هەموویانەوە کیمیابارانی هەڵەبجەو شوێنەکانی تری کوردستان و پڕۆسەی بەناو ئەنفال و تێکدانی شارو گوندو دێهاتەکانی کوردستا کە گەورەترین زولم بوو بەرامبەر گەلی کوردی موسوڵمان.

ئێمە لەکاتێکدا ئەو یادە دەکەینەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بارودۆخێکی هەستیارو ئاڵۆزو مەترسیدار تێدەپەڕێت هیوادارین لایەنە ناکۆکەکان لەڕێگای دیالۆگ و دانووستانەوە ناکۆکیەکانیان چارەسەر بکەن نەک لەڕێگای بەکارهێنانی هێز، چونکە ناوچەکە هیچ ئارامی و ئۆقرەییەکی تێدا نەماوەو سەرجەم ووڵاتانی ناوچەکە لەبەردەم هەڕەشەو مەترسی گەورەدان .ناکرێ ووڵاتانی زلهێزیش بەو جۆرە ڕەفتار لەگەڵ ناکۆکیەکان بکەن و بۆ بەرژەوەندی خۆیان ناوچەکە بەرەو داهاتوێکی نادیار ببەن کە دڵنیاین ئەوانیش لەو هەنگاوانەیان سوودمەند نابن.
وەهیواداریشین سەرکردایەتی سیاسی کورد بەیەکگرتوویی و یەکدەنگی بەو ئاراستەیە هەنگاو بنێت کە هەرێمەکەمان و گەلەکەمان پارێزراو بێت لەو جەنگە مەترسیدارەو پاراستنی دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین و قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی خواست و مافی هاووڵاتیان و بەرپاکردنی دادپەروەری بژێوی ژیان و چارەسەرکردنی کێشەو گرفتی مووچەو خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان با لەئەولەویەتی کارەکانمان بێت، چونکە ئەو دەستکەوتانە بە خوێنی هەزاران ڕۆڵەی میللەتەکەمان هاتۆتە کایەوە.

مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی
٥ ی ئاداری ٢٠٢٦

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close