وتەبێژی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو وتی پشکنینەکانی سەرۆک وەزیر دەریدەخەن بنیامین ناتانیاهو هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا نیە، ئەمەش دوای ئەوەی ڕاوێژکارەکەی توشی ڤایرۆسەکە بوو.
ئۆڤیر گندڵمانی وتەبێژی ناتانیاهو وتی ” پشکنینی تەندروستی بۆ سەرۆک وەزیر ناتانیاهو و ئەندامانی خێزانەکەی و کارمەندەکانی ئەنجامدراوە و پشکنینەکان دەریدەخەن توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبوون.”
دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئیسڕائیل ئاماژەیان بەوەدا بوو ڕاوێژکارەکەی ناتانیاهو هەفتەی ڕابردوو لە دانیشتنێکی پەرلەماندا بووە کە هەریەک لە ناتانیاهو و نوێنەرانی ئۆپۆزسیۆن ئامادەی بوون.
تا ئێستا لە ئیسڕائیل 4,695 کەس توشی ڤایرۆسەکە بوون و 17 حاڵەتی گیان لەدەستدانیش تۆمارکراوە.
بەرپرسێکی ئیسڕائیلی وتی ناتانیاهو پابەندە بە ڕێنماییە تەندروستیەکانەوە و زۆرینەی کۆبوونەوەکانی لەڕێی پەیوەندی ڤیدیۆییەوە ئەنجام دەدات.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز