جیهانهەواڵ

سزاکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان دژی تاران چوونە بواری جێبەجێ کردنەوە

سزاکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان دژی تاران چوونە بواری جێبەجێ کردنەوە

باسک نێت

وڵاتانی ئەوروپا دەڵێن بەهۆی پابەندنەبوونی تاران بە رێککەوتنی دۆسیەی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی زلهێز سزاکانی ئەنجومەنی ئاسایش پەسەند کراو لەئێستاوە چوونە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەم سزایانە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە لە ماوەی ١٥ ساڵی رابردوودا بە چەند قۆناغێک دژی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکەی ئێران دەرکراون و لە کاتی واژۆکردنی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە سزاکان راگیران.

هەرچەندە ئێرانییەکان، ئەزموونێکی دوورو درێژیان لەگەڵ سزا دارایی و ئابوورییەکان هەیە، بەڵام ئەمجار جیاواز لەوانەی رابردوو دەبێت و کۆدەنگییەکی نێودەوڵەتی لەناو هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لەسەر سزاکان هەیە.

پێشتر بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا ماوەی مانگێکیان بۆ ئێران دیاریکردبوو تا بگەڕێتەوە ناو رێککەوتنەکە بە پێچەوانەوە بڕگەی میکانیزمی سناپباک کارادەکەن، کە بڕگەیەکی تایبەتە بە گەڕاندنەوەی سزاکانی سەر تاران.

سەرەڕای گەڕاندنەوەی سزاکان بۆ سەر ئێران، ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی نوێ هەیە.

مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران کە تازە لە نیویۆرک گەڕاوەتەوە رایگەیاند، داواکاری ئەمریکا بۆ رادەستکردنی تەواوەتی یۆرانیۆمی پیتێنراو جێگای قبوڵ نیە و سەرۆکی ئەمریکا بە دوای ئاگرێکی نوێوەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەهای تمەنی ئێران بەرانبەر بە دۆلار دابەزینی گەورەی تۆمار کرد و ١٠٠ دۆلار ١١ ملیۆن تومەن زیاتری تێپەڕاندو چاوەڕوان دەکرێت زیاتریش دابەزێت.

 

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close