
تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن:
ئیدارەی ئەمریکا بیر لە بەکارهێنانی “دایکی بۆمبەکان” دەکاتەوە دژی ئێران
باسک نێت
تۆڕی هەواڵی “سی ئێن ئێن” بڵاویکردەوە، ئیدارەی ئەمریکا بیر لە بەکارهێنانی “دایکی بۆمبەکان” دەکاتەوە دژی ئێران.
سی ئێن ئێن لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە رایگەیاندووە، سوپای ئەمریکا پلانی بۆ هێرشکردن داڕشتووە کە رەنگە بەكارهێنانی بۆمبی GBU-43/B کە بە “دایکی بۆمبەکان” ناسراوە، لە دژی ژێرخانی وزەی ئێران و شوێنە ئەتۆمییەکان بگرێتەوە، ئەگەر سەرۆک دۆناڵد ترەمپ فەرمانی دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی شەڕ بدات.
بەرپرسان ئاماژەیان بەوە شکردووە، سوپای ئەمریکا بەردەوامە لە پێشکەشکردنی بژاردەی جۆراوجۆر سەبارەت بە ئێران بە سەرۆک ترەمپ.
هاوكات، سەرۆک ترەمپ رێنمایی داوە بە سوپا بۆ ئەوەی بژاردەی زیاتر بخاتەڕوو، کە بریتین لە ئەگەری کردەوەی سەربازی کە ژێرخانی سەرەکی بکاتە ئامانج.
بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بە سی ئێن ئێنی راگەیاندووە، واشنتۆن خۆی بۆ کۆمەڵێک سیناریۆی فراوان دژی ئێران ئامادە دەکات، سوپای ئەمریکاش خۆی بۆ ئەگەری هەر وەڵامدانەوەیەکی ئێران ئامادە دەکات، جەختیشكردووە، هەندێک ئامانجی ئاست بەرز لە ئێران پێویستی بە بەکارهێنانی “دایکی بۆمبەکان” دەبێت.
سەرچاوەكە وتوشیەتی، ئەمریکا پلانی داڕشتووە بۆ بە ئامانجگرتنی ژێرخانی وزە و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.
بەکارهێنانی ئەم بۆمبە، كە گەورەترین چەکی نائەتۆمییە لە جبەخانەی ئەمریکادا، بە پەرەسەندنێکی مەترسیدار دادەنرێت لە ململانێکاندا، بەڵام بەرپرسانی ئاگادار لە گفتوگۆکانی پلاندانانی سەربازی بە سی ئێن ئێنیان راگەیاندووە، پرسیارەکان سەبارەت بە کاریگەری ئەو چەکە لە گەیشتن بە ئامانجە ستراتیژییەکانی واشنتۆن هێشتا ماون.




