جیهانڕاپۆرتهەواڵ

کۆبوونەوەکان ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە جەنگ بە نێوەندگیریی وڵاتی پاکستان

تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران دەستپێکردنی دانوستانە سێقۆڵییەکانی لەگەڵ ئەمریکا لە ئیسلام ئاباد ڕاگەیاند

باسک نێت

تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، دەستپێکردنی دانوستانە سێقۆڵییەکانی نێوان تاران و واشنتۆنی لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان ڕاگەیاند، کە ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە جەنگ بە نێوەندگیریی وڵاتی پاکستان.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی پاکستانییەوە بڵاویکردەوە، گفتوگۆ سێقۆڵییەکان بە شێوەی ڕووبەڕوو لە نێوان جەی دی فانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا و هەردوو نێردراوی تایبەت ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر لە لایەنی ئەمریکی، و لە بەرانبەردا محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمان و عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوە لە لایەنی ئێرانی بەڕێوەچوون، جگە لە ئامادەبوونی مارشاڵ عاسم مونیر فەرماندەی سوپای پاکستان.

تەلەفزیۆنی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەندامانی لیژنە ئابووری، سەربازی و یاساییەکانی ئێران چوونەتە ناو ژووری دانوستانەکان لە ئیسلام ئاباد. دواتر بەرپرسێکی کۆشکی سپی پشتڕاستی کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئێران و پاکستان کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵیی ڕووبەڕوویان ئەنجامداوە.

ئاژانسەکانی (فارس و تەسنیم) ئاماژەیان بەوە کردووە کە “پێشکەوتن لە گفتوگۆکاندا بەدەستهاتووە و هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر ضاحیەی باشووری بەیروت کەمبوونەتەوە”، ئەمەش مەرجێکی پێشوەختەی تاران بوو بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکان.

هەروەها ئاژانسەکانی (مێهر و ئیسنا) هەمان زانیارییان بڵاوکردەوە، دوای ئەوەی شەهباز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستان بە جیا پێشوازی لە هەردوو وەفدەکە کرد و دەستپێکردنی گفتوگۆکانی ڕاگەیاند.

پەیامنێری تەلەفزیۆنی ئێران ڕایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکانی ئێران. هەروەها ئاژانسی (ئیسنا) لە زاری ئەمینداری ئەنجومەنی ڕاگەیاندنی ئێرانەوە گواستییەوە، دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد دوای دڵنیابوونەوە لە ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەیروت دەستی پێکردووە.

لای خۆشییەوە، ڕۆژنامەی فاینانشێڵ تایمزی بەریتانی لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، پرسی دووبارە کردنەوەی تەنگەی هورمز هێشتا خاڵی سەرەکیی ناکۆکییەکانە، چونکە ئێران سوورە لەسەر پاراستنی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر تەنگەکە و سەپاندنی باجی تێپەڕبوون بەسەر کەشتییەکاندا.

کازم غەریب ئابادی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ئاستی ئەو وەفدەی ئێران کە بەشداریی گفتوگۆکانی پاکستان دەکات، نیشانەی جدییەتی تارانە لە دانوستان لەگەڵ واشنتۆن. ئاژانسی تەسنیمیش ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەگەری هەیە دانوستانەکان بۆ ڕۆژێکی دیکە درێژبکرێنەوە بۆ تەواوکردنی گفتوگۆ تەکنیکییەکان.

لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد تڕەمپ ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، تاقە کارتی دەستی ئێران لە ئێستادا تەنها “هەڕەشەی پێکدادانی یەکێک لە کەشتییەکانە بە مینە دەریاییەکان”. تڕەمپ لە هەژماری خۆی لە سۆشیاڵ میدیای (تروس سۆشیاڵ) نووسیویەتی: “هەرکەسێک گوێ لە میدیا درۆزنەکان بگرێت، وادەزانێت ئێمە لایەنی دۆڕاوین نەک ئێران”.

باسک نێت

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close