
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوانیاندا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 26/1/2026، مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، هۆشدارییەکی ڕوونی دایە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و جەختی لە گرنگیی پاراستنی سەربەخۆیی بڕیاری سیاسیی بەغدا کردەوە.
ڕۆبیۆ ئاماژەی بەوە کرد کە هەر لادانێک لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و تێوەگلانی عێراق لە ململانێ ناوچەییەکان، کاریگەریی نەرێنیی ڕاستەوخۆی لەسەر ئاییندەی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەبێت، واشنتن دووپاتی کردەوە کە سەرکەوتنی حکوومەتی عێراق و بەردەوامیی هاوکارییە ئابوورییەکان، تەنیا بە دوورکەوتنەوە لە فشارە دەرەکییەکان بەدی دێت.
لەلایەکی دیکەوە، دۆسیەی ئەمنی و چارەنووسی زیندانیانی داعش تەوەرێکی سەرەکیی گفتوگۆکان بوو کە تێیدا عێراق ڕەزامەندی دەربڕیوە بۆ وەرگرتنەوەی نزیکەی7 هەزار چەکدار و سەرکردەی باڵای ئەو ڕێکخراوە کە لە زیندانەکانی سووریادان. لەم چوارچێوەیەدا، فایق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، داوای هەماهەنگیی چڕی لە نێوان دامەزراوە ئەمنی و دادییەکان کردووە بۆ دادگاییکردنی ئەو تۆمەتبارانە بەگوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ داخستنی یەکجاریی ئەو دۆسیە ئاڵۆزە.
لەسەر ئاستی دارایی، سەرچاوە دیپلۆماسییەکان ئاشکرایان کردووە کە ئەمەریکا نیگەرانیی قووڵی گەیاندووەتە بەغدا سەبارەت بە پاراستنی داهاتی نەوتی عێراق لە بانکی فیدراڵیی نیویۆرک، واشنتن پەیامی ئەوەی ناردووە کە سەقامگیریی دارایی عێراق گرێدراوی جۆری ئەو لایەنە سیاسییانەیە کە لە بڕیاری دەوڵەتدا بەشدارن، بە تایبەت هۆشداری دراوە لەو گرووپانەی ئەجێندای ناوچەیی لە سەروو بەرژەوەندییەکانی عێراق دادەنێن، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی لاوازکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و خستنە مەترسیی هێڵە داراییە گرنگەکانی وڵاتەکە.




