
سەرکردەیەكی رەوتی حیکمە:
مالیكی و سودانی لە كێبڕكێی پۆستی سەرۆك وەزیران كشاونەتەوە
فەهد جبوری، سەرکردە لە رەوتی حیکمە ئاشکرای دەكات: محەمەد شیاع سودانی سەرۆکی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدان و نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لە کێبڕکێی سەرۆک وەزیران کشاونەتەوە، دەشڵێت: بابەتەکە بەنزیكی یەکلابووەتەوەو بژاردەکە ئێستا لە نێوان حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری و باسم بەدری، سەرکردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا سنوردارە.
فەهد جبوری، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا لەگەڵ كەناڵی “الرشید” رایگەیاند: بە بڕوای من بابەتەکە لە نێوان حەمید شەتری و باسم بەدری یەکلایی دەکرێتەوە، لەگەڵ ئەگەری بوونی ناو و روخسارێکی نوێ لە دەرەوەی ناوی نۆ كاندیدەكەی سەرەتا، ئەگەر چوارچێوەی هەماهەنگی بگاتە کاندیدێکی کۆدەنگی.
ئەو سەركردەیەی رەوتی حیكمە باسی لەوەشكرد: کۆبونەوەی شەوی چوارشەممەی رابردوو، بووەتە هۆی کشانەوەی سودانی و مالیکی بە مەبەستی پێدانی دەرفەت بە روخساری نوێ، ئەمەش کارێکی جێگەی دەستخۆشییە.
رونیشی کردەوە: هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدان بەوپێیەی گەورەترین كوتلەیە لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی، پێشنیازیان كردووە ئەوان ناوێک لە كوتلەكەی خۆیان هەڵبژێرن بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران.




