
سەدر جەخت لەسەر (بایكۆت) دەكاتەوە
باسک نێت
موقتەدا سەدر جارێكی تر، پشتبەست بە ئایەتێكی قورئان و بە پەنجەمۆری خۆیەوە جەتیكردەوە لەسەر بایكۆتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، كە بڕیارە 11ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت.
سودانی و لایەنگرانی چاویان لەوەیە سەدرییەكان لەم هەڵبژاردنەدا لە بەرژەوەندی ئەوان دەنگ بدەن، بەتایبەتیش لەكاتێكدا ئیتر ململانێكانی نێوان سودانی و مالیكی زیاتر تۆخ دەبنەوەو مالیكیش لە نەیارە نەریتییەكانی سەدرە، بەڵام جەختكردنەوەی رێبەرەكەیان ئاماژەیە بۆ ئەوەی نابێت بچنە ناو پرۆسەكەوە.
سەدر براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بوو كە لە ئۆكتۆبەری 2021دا بەڕێوەچوو، لەكۆی 329 كورسی پەرلەمان (73) كورسی بردەوە. بەم سەركەوتنە بەرەی حزبە شیعەكانی لایەنگری ئێران نیگەران بوون، بۆ روبەڕووبوونەوەی سەدر پێكەوە هاوپەیمانێتییەكیان بەناوی (چوارچێوەی هەماهەنگیی) دروستكرد كە پێكهاتبوو لە هەریەكە لە (مالیكی، عامری، خەزعەلی، فالح فەیاز، عەممار حەكیم، حەیدەر عەبادی و چەند لایەنێكی تر)، ئەمانە سەركەوتووبوون لەوە رێگری لە سەدرو هاوپەیمانەكانی (بارزانی+ حەلبوسی) بكەن لە دروستكردنی حكومەت، ئەمەش لەرێگەی پەنابردن بۆ دادگای فیدراڵی و دروستكردنی ئەوەی ناوی لێنرا (دوو لەسەر سێی پەكخەر) كە بووە هۆی ئەوەی سەدرو هاوپەیمانەكانی نەتوانن لەناو پەرلەمان سەرۆك كۆمار هەڵبژێرن و دواتر پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت تەواو بكەن.
بەهۆی بێئومێدبوونییەوە، سەدر هەر (73) پەرلەمانتارەكەی خۆی لە پەرلەمان كێشایەوەو لە پرۆسەی سیاسی عێراق كشایەوە.




