
شەرع گەیشە مۆسكۆ.. ئەسەدیش لەوێیە
باسک نێت
ئەحمەد شەرع سەرۆكی قۆناغی راگوزەری سوریا گەیشتە مۆسكۆ، لەدوای كەوتنی رژێمی بەشار ئەسەدەوە لە 8ی كانونی یەكەمی رابردوو، یەكەمجارە شەرع سەردانی روسیا بكات.
بەشار ئەسەد كە هاوپەیمانی روسیا بوو، لەدوای هەڵاتنی، رووی لە مۆسكۆ كردووەو لەوێ ژیان بەسەر دەبات، سەرچاوەكان باسلەوە دەكەن دور نییە یەكێك لە تەوەرەكانی گفتوگۆی ئەحمەد شەرع لە مۆسكۆ پرسی رادەستكردنەوەی ئەسەد بێت.
وەزیرانی دەرەوەو بەرگریی سوریا لەم سەردانەدا هاوڕێیەتی ئەحمەد شەرع دەكەن، بڕیارە شەرع لەگەڵ ڤلادیمیر پۆتین كۆببێتەوەو پێكەوە تاوتوێی پرسەكانی ئابوری تایبەت بە سەرمایەگوزاریی و دانانی بنكەی روسی لە سوریا بكەن، ئەمە لە پاڵ گفتوگۆ لەبارەی پرسی پڕچەككردنی سوپای نوێی سوریا.
بڕیار بوو ئەحمەد شەرع بەشداری لە لوتكەی عەرەبی- روسی دا بكات كە دەبوو ئەمڕۆ بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی سەرقاڵبوونی سەركردەكانی عەرەب بە رێككەوتنی ئاگربەست لە غەززە؛ لوتكەكە بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.
بەدرێژایی حوكمڕانییەكەی كە ماوەی چارەكە سەدەیەكی خایاند، مۆسكۆ پشتیوانێكی سەرەكی بەشار ئەسەد بوو، دوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندان و دواتریش شەڕی ناوخۆیی لە سوریا (2011)، مۆسكۆ لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی پاڵپشتی دیپلۆماسی پێشكەشی ئەسەد كرد، لەسەرەتای 2015ەوە هەر بۆ پشتیوانی لە ئەسەد، روسیا هێزی سەربازی خۆی رەوانەی سوریا كردو لەرێگەی هێزی ئاسمانییەوە لە چەندین بەرەدا هێزەكانی ئەسەدی بەسەر ئۆپۆزسیۆندا سەرخست.
سەرباری ئەم رۆڵەی روسیا لە پشتیوانیكردنی ئەسەد، ئەحمەد شەرع هێشتا بە زمانی ئاشتەوایی قسە لەگەڵ مۆسكۆ دەكات، دوای چەندجارێك هاتوچۆ لەنێوان بەرپرسانی هەردوو وڵات، شوباتی رابردوو پۆتین بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ شەرع كرد، جەختی لەسەر پشتیوانی مۆسكۆ كرد بۆ “یەكێتیی خاكی سوریاو سەروەرییەكەی”.
روسیا لە هەوڵی ئەوەدایە گەرەنتی مانەوەی بنكە دەریاییەكەی لە (تەرتوس) و بنكە ئاسمانییەكەی لە (حمەیمیم)ی سوریا بكات، ئەمانە دوو تاكە پێگەی سەربازی سوریان لە دەرەوەی سنوری یەكێتی سۆڤیەتی جاران.




