
باجی هاوردەكردنی ئۆتۆمبیل گەورە كۆمپانیاكانی جیهان دەهەژێنێت و ترەمپ هەڕەشە دەكات
باسک نێت
دوای ئەوەی لە لیستی پێناسی گومرگیدا، رێژەی 25%ی باجی لەسەر ئەو ئۆتۆمبیلانە زیادكرد؛ كە لە دەرەوەی ئەمریكا دروستدەكرێن و بەمە “جەنگی دووەمی ئابوریی” هەڵایساند، ترەمپ هەڕەشە لە ئەوروپاو كەنەدا دەكات ئەگەربێتو لەسەر حسابی ئەمریكا رێككەوتن بكەن.
دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە نوسینێكدا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكەی “تروس سۆشیال” رایگەیاند: ئەگەر یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ کەنەدا کاربکات بۆ ئەوەی زیانی ئابووری بە ئەمریکا بگەیەنێت، ئەوا باجی گومرگیی فراوان؛ زۆر گەورەترە لەوەی ئێستا پلانی بۆ دانراوە، بەسەر هەردووکیاندا دەسەپێنرێت، بەمەبەستی پاراستنی باشترین دۆستایەتیی لەگەڵ هەردوولادا.
راگەیاندنی سەپاندنی باجی گومرگی بەڕێژەی 25% بەسەر هاوردەی ئۆتۆمبیل و كەلوپەلی ئۆتۆمبیلدا بۆ ئەمریكا، گەورە كۆمپانیاكانی بواری پیشەسازی ئۆتۆمبیلی لە ویلایەتە یەكگرتووەكان و ركابەرەكانی لەسەر ئاستی جیهان هەژاندووە.
تەنانەت (ئیلۆن ماسك)ی وەزیری ئیدارەكەی ترەمپیشی نیگەران كردووە؛ لە وەڵامی ئەو قسانەدا كە دەوترا كۆمپانیای (تێسلا) گەورەترین سودمەند دەبێت لە بڕیارەكەی ترەمپ، ئیلۆن ماسك رایگەیاند كۆمپانیاكەی بەشێوەیەكی گەورە كاریگەر دەبێت بەو بڕیارە.
ماسك وتی:” بڕیاری سەپاندنی باج بەسەر هاوردەكردنی ئۆتۆمبیل و چارچەی ئۆتۆمبیل كاریگەری لەسەر نرخی پارچەی ئۆتۆمبیلی تێسلا دەبێت كە لە وڵاتانی ترەوە هاوردە دەكرێت، خەرجی تێچوونیش ئاسان نییە”.
بەگوێرەی داتای كۆمپانیای (گڵۆباڵ) لە بواری توێژینەوەدا، نزیكەی نیوەی ئەو ئۆتۆمبیلانەی كە ساڵی رابردوو لە ئەمریكا فرۆشراون، ئۆتۆمبیلی هاوردەكراو بوون.
لەدوای بڕیارەكەی ترەمپەوە، پشكەكانی كۆمپانیای (جەنەراڵ مۆتۆرز) بەرێژەی 8% لە مامەڵەكانی بۆرسەدا دابەزینی بەخۆوە بینی، پشكەكانی هەردوو كۆمپانیای (فۆرد)و (ستیلانتس) كە لە بۆرسەی ئەمریكا تۆماركراون هەریەكەیان بەرێژەی 4.5% دابەزینی تۆماركرد. لە كیشوەری ئاسیا-ش پشكەكانی (تۆیۆتا)و (هۆندا مۆتۆر)و (هیۆندای مۆتۆر) بەنزیكەی 3% دابەزینی بەخۆوە بینیوە.
كۆمپانیای (تێسلا) كە سەرجەمی ئەو ئۆتۆمبیلانە دروستدەكات كە لە ئەمریكاو لەسەر ئاستی ناوخۆ دەفرۆشرێن و هەندێك لە پارچەكانی لە دەرەوە هاوردە دەكات، پشكەكانی بەرێژەی 1.3% پاشەكشێی كردووە.




